بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا – پێنتاگۆن بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاند، ماهر ئەلعەقال، کەسی یەکەمی داعش لە سووریا کە یەکێک بوو لە چوار سەرکردەی هەرە باڵای رێکخراوە پەڕگیرەکە، بەیانیی رۆژی سێشەممە 12-07-2022 لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا کوژرا.
بە گوێرەی میدیای ئەمریکی، ماهر ئەلعەقال و جێگرەکەی پێکەوە کراونەتە ئامانج، بەڵام کوژرانی جێگرەکەی پشتڕاستنەکراوەتەوە.
دەیڤ ئیستێرن، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا پشتڕاستیکردەوە کە ماهر ئەلعەقال لە کاتی لێخوڕینی ماتۆرسیکلێک لە نزیک شارۆچکەی جندرێسی هەرێمی عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان کە لە ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیایە، کوژراوە و یەکێک لە یاریدەدەرە هەرە گەورەکانیشی برینداربووە.
وەشاندنی ئەم گورزە کوشندەیە لە داعش تەنیا رۆژێک پێش سەردانەکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دێت، کە بڕیارە رۆژی چوارشەممە بگاتە ئیسرائیل و ژمارەیەک کۆبوونەوە لەوێ و لە کەرتی رۆژئاوا ئەنجامبدات و دواتریش دەچێتە سعودیە.
ئەبو ئیبراهیم قوڕەشی، خەلیفەی پێشووی داعش لە شوباتی ئەمساڵ لە باکووری رۆژئاوای سووریا کوژرا، کە بە گوێرەی کۆشکی سپی و بەرپرسانی بەرگریی ئەمریکا، خۆی تەقاندبووەوە، بۆئەوەی نەکەوێتە دەستی هێزەکانی ئەمریکا.
لەنێوچوونی ئەو سەرکردەیەی داعش، گەورەترین گورز بوو بەر رێکخراوە پەڕگیرە بکەوێت دوای کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی یەکەمی داعش، کە ئەویش لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی هێزەکانی ئەمریکادا لە ساڵی 2019 لە پارێزگای ئیدلب لە سووریا کوژرا.
خەلیفەی ئێستای داعش ناوی ئەبو حەسەن هاشمی قوڕەشییە کە تاوەکو ئێستا زانیارییەکی ئەوتۆی لەبارەوە نازاندرێت.
A- zozk