پەرلەمانی سریلانکا: 20ی ئەم مانگە سەرۆکی نوێ هەڵدەبژێرێت

سەرۆکی پەرلەمانی سریلانکا رایدەگەیەنێت لە ناوەراستی ئەم مانگەوە پەرلەمان دانیشتنی تایبەت بە دۆخی وڵات ئەنجام دەدات و لە (20) مانگدا سەرۆکی نوێی وڵات هەڵدەبژێردرێت.

ماهیندا یابا ئەبیواردینا، سەرۆکی پەرلەمانی سریلانکا رایگەیاند: لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا پەرلەمان لەسەر دۆخی وڵات کۆدەبێتەوە لە رۆژی (19) مانگ کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆکی وڵات یەکلایی دەکرێنەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، رۆژی (20)ی مانگ سەرۆکی نوێی وڵات هەڵدەبژێردرێت.

دەشڵێت: لە کۆبونەوەی سەرۆکی پارتە سیاسیەکاندا رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێ بە بەشداری سەرجەم لایەنەکان کرا بەبپێ دەستور.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی شەممەی رابردو هاوڵاتیانی سریلانکا رژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، خۆپیشاندەران هەڵیان کوتایە سەر کۆشکی سەرۆکایەتی و سەرۆکی وڵات هەڵهات.

دوای سەرۆکی وڵاتەکە، سەرۆک وەزیران لە ژێر فشاری خۆپیشاندەراندا دەستلەکارکێشانەوەی راگەیاند و داواشی کرد لایەنە سیاسیەکان بەپەلە کۆببنەوە و حکومەتی نوێ پێکبهێنن.

قەرزە دەرەکییەکان چۆن ئابووریی سریلانکایان داڕماند و خۆپێشاندانی گەورەیان دروستکرد؟

سریلانکا دوورگەیەک لەسەر کەناری زەریای هیندی کە 22 ملیۆن دانیشتووی لەخۆگرتووە، چەند مانگێكە لە دۆخێكی قورسی ئابووری و سیاسیدایە کە بۆ خۆپێشاندانی سەتان هەزار کەس سەریکێشا و دواجار بە هەڵکوتانە سەر کۆشکی گۆتابایا راجاپئەکسا، سەرۆکی وڵات گەیشت.

لە ئاداری ساڵی 2022دا شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتی لە شاری کۆڵۆمبۆ، پایتەختی ئابووری و سیاسی و شارەکانی دیکەی سریلانکا دژی قەیرانی ئابووری سەریهەڵدا و بۆ رووبەڕووبوونەوە و پێکدادانی تووندی نێوان خۆپێشاندەران و هێزەکانی پۆلیس سەریکێشا.

کاتێکیش بەشێكی بەرچاو لە 2 ملیۆن جووتیارەکەی سریلانکا دژی بڕیاری حکومەت بۆ قەدەخەکردنی هاوردەکردنی پەینی کیمیایی کە خەرجی ساڵانەی 400 ملیۆن دۆلارە، بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکان کرد، ئیدی خۆپێشاندانەکان هێز و گوژمێكی زیادەیان وەرگرت و چی دیکە دەسەڵات نەیتوانی کۆنترۆڵیان بکات.

کێشەی ئابووریی سریلانکا

بە درێژایی دەیەی رابردوو سریلانکا لە دۆخێكی قورسی ئابوورییدا بووە؛ لە ساڵی 2012دا زیاتر لە 51%ـی دانیشتووانی وڵات لەژێر هێڵی هەژارییدا دەژیان؛ ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2019دا بۆ خوار 40% دابەزی، بەڵام هێشتا 60%ـی دیکەی سریلانکییەکان ژیانێكی مامناوەند دەگوزەرێنن و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ساڵی 2020 و بەردەوامبوونی کاریگەرییەکانی بە درێژایی ساڵی 2021، ئابووری وڵاتی بە زیاتر لە 3% سست کرد و پێشبینیش دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بگاتە 6%.

بانکی جیهانی لە لیستێكی 125 وڵاتی هەژاری جیهان، سریلانکای لە ریزبەندی 25مین هەژارترین وڵاتدا پۆلێنکردووە.

هەڵاوسان لە مانگی حوەزیرانی ئەمساڵ گەیشتە 55%؛ زۆربەی زۆری سریلانکییەکان بە دەست کەمی خۆراک، شیری منداڵان، دەرمان، قەیرانی کارەبا و سووتەمەنییەوە دەناڵێنن.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوایین راپۆرتیدا هۆشداریدا لە خراپتربوونی قەیرانی ئابووریی سریلانکا و رایگەیاند، “نزیکەی 15 ملیۆن کەس لەژێر هەڕەشەی راستەوخۆی نەمانی خۆراکدان و ناچارن ژەمە خواردنەکانی رۆژانەیان کەمتر بکەنەوە.”

قەرزە دەرەکییەکانی سریلانکا

سریلانکا وڵاتێکە 51 ملیار دۆلار قەرزی دەرەکی لەسەرە و نەک توانای دانەوەی “پچڕپچڕ”ـی قەرزەکانی نییە، بەڵکو ناتوانێت سوودی ساڵانەی قەرزەکانیشی بداتەوە.

بەشی زۆری قەرزەکەی سریلانکا لە وڵاتی چین لە چوارچێوەی پرۆژەی “پشتێن و رێگە” وەریگرتووە و لەسەری کەڵەکە بووە و توانای دانەوەی نییە؛ قەرزەکانی سریلانکا لە چین روویەکی روونی نییە و نازانرێت بە وردی ژمارەی ئەو لایەن و کۆمپانیانە چەندە کە سریلانکا قەرزی لێ وەرگرتوون.

زانیارییە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن گۆتابایا راجاپئەکسا، سەرۆکی سریلانکا و خێزان، خزم و کەسوکار و دارودەستەکەشی چەندین پرۆژەی بازرگانییان بێ لێکۆڵینەوەی دروستی ئابووری بە قەرزکردنی پارە لە چین جێبەجێکردووە و زۆربەی ئەو پرۆژانەش لە ناوچەکانی زێدی گۆتابایا کراون و زۆرینەی پرۆژەکان زیانی ئابوورییان بە دواوەوە بووە.

یەکێک لەو پرۆژانە درووستکردنی بەندەری “هامبانتووتا”یە کە بە قەرزکردنی ملیارێک و 400 ملیۆن دۆلار لە چین جێبەجێکراوە؛ ئەو بەندەرەی کە پێشبینی قازانجی بازرگانی لێدەکرا، بەڵام لە 6 مانگی سەرەتای کردنەوەی سەروو 300 ملیۆن دۆلار زیانی کرد  و چین لەسەر بنەمای ئەو گرێبەستەی کە لەگەڵ سریلانکا واژۆی کردبوو، دەستی بەسەر 70%ـی بەندەرەکەی گرت.

لە پاڵ بەندەرەکە، هۆڵێكی کۆنگرە نێودەوڵەتییەکان بە قەرزی 16 ملیۆن دۆلار لە چین دروستکراوە کە لە ساڵێکدا تەنانەت دوو کۆنفڕانسی تێدا نابەسترێت؛ هەروەها بە بڕی 200 ملیۆن دۆلار قەرز لە چین، فڕۆکەخانەیەک بەناوی راجاپئەکسا دروستکرا، بەڵام بەهۆی کەمیی گەشتە ئاسمانییەکانیەوە، توانای دانی پارەی کارەبای فڕۆکەخانەکەی نییە.

مێژوویەکی دوور و درێژ لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات 

گوتابایا راجاپئەکسای تەمەن 73 ساڵ لە تشرینی دووەمی ساڵی 2019 بە سەرۆکی سریلانکا هەڵبژێردرا. ئەو برای ماهیندا راجاپئەکسایە کە ساڵی 2004 تاوەکو 2005 سەرۆکوەزیرانی وڵات بوو و لە 2005 تاوەکو 2015 سەرۆکی سریلانکا بوو و دواتریش لە ساڵی 2018 تاوەکو ئایاری 2022 سەرۆکوەزیران بوو و خۆپێشاندانەکانی ئەمساڵی ئەو وڵاتە ناچار بە دەستلەکارکێشانەوەی کرد.

ماهیندا راجاپئەکسای بە کەسایەتی ژمارە یەک و سەرۆکی ” دیفاکتۆ”ـی سریلانکا دادەنرێت.

ماهیندا پاڵپشتی زۆرینەی پێکهاتەی “سنهال”ییەکانی لەگەڵدایە کە ژمارەیان نزیکەی 17 ملیۆن کەسە و زیاتر لە 75%ـی دانیشتوانی سریلانکا پێکدەهێنن و دەسەڵاتی سیاسی و ئابووریشیان لەدەستە.

لە ساڵی 2009 کە ماهیندا سەرۆکی سریلانکا بوو، گوتابایای برای وەزیری بەرگری و بەڕێوەبەری پۆلیسی نیشتمانی وڵات بوو؛ ئەو دوو برایە بە پاڵپشتی “سنهال”ییەکان توانییان بزووتنەوەی “پڵنگەکانی تامیل” تێکبشکێنن و کۆتایی بە 37 ساڵ شەڕی نێوخۆیی بهێنن کە لە ساڵی 1973وە دەستیپێکردبوو، ئەوەش لەسەر بنەمای داواکاری “تامیل”ییەکان بە دامەزراندنی ناوچەیەکی سەربەخۆی “ئیلامی تامیل” و کۆتاییهێنان بە تووندوتیژی و نادادپەروەری و نایەکسانی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ” سنهال”ییەکان.

یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی خۆپێشاندانەکانی ئێستای سریلانکا لەوەدایە زۆرینەی خۆپێشاندەران لە پێکهاتەی سنهالەکانن کە بە بڕبڕەی پشتی هێزی ماهیندا راجاپئەکسا دادەنرێن.

لە 10 ساڵی فەرمانڕەوایەتیی ماهیندا راجاپئەکسا، سریلانکا بە گۆڕانکاری گەورەی ئابووری تێپەڕی کە تێیدا ژێرخانی وڵات تاوەکو رادەیەکی زۆر باشترکرا بەڵام لە پاڵ ئەوەدا سەرۆکی وڵات و برا و خێزانەکەی سەتان ملیار دۆلار قەرزی دەرەکی و ناوخۆیی تایبەت بە جێبەجێکردنی سەتان پرۆژەی ئابووری وەرگرت کە زۆربەیان گومانی گەندەڵییان لەسەرە.

شەڕی ئۆکراینا و تەقینەوەی دۆخی سیریلانکا

یەكێك لەو وڵاتانەی کە کەوتە ژێر کاریگەری تووندی شەڕی ئۆکراینا، سریلانکایە. بەهۆی شەڕەکەوە، سریلانکا لە نزیکەی 300 هەزار گەشتیاری رووسی و ئۆکراینی بێبەش بوو کە ساڵانە سەردانی ئەو وڵاتەیان دەکرد.

هەروەها شەڕی ئۆکراینا، جیهانی جەمسەرگەری زەقتر کردەوە و جووڵەی خستە نێو بەرپرسانی چینەوە بۆئەوەی گوشارەکانیان لەسەر ئەو وڵاتانە کە قەرزیان پێداون و لەسەر بلۆکی رۆژئاوا هەژمار دەکر‌ێن زیاتر بکات.

لەوچوارچێوەیەدا چین لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە واتە دوو مانگ دوای هەڵگیرسانی شەڕەکە، داوایەکی حکومەتی سریلانکا بە دووبارە رێکخستنەوەی خشتەی کاتی دانەوەی قەرزەکانی رەتکردەوە و گوشارەکانی لەسەر حکومەتی سریلانکا بۆ دانەوەی قەرزەکان زیاتر کرد.

بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 2021 دا کۆی هاوردەی سریلانکا لە ئۆکرایناوە 97.78 ملیۆن دۆلار بووە کە 11 ملیۆن و 100 هەزار دۆلاری لە هاوردەکردنی گەنمدا بووە. هاوکات سریلانکا بە بەهای 18 ملیۆن و 460 هەزار دۆلاریش گەنمی لە رووسیاوە هاوردەکردووە. بەڵام ئێستا ئەو هەناردەیە نەماوە.

نیگەرانیەکانی رۆژئاوا

ئێستا سریلانکا لە قەیرانێكی ئابووری و دارایی سەختدایە و چاوی لە دەستی سندووقی نەختی نێودەوڵەتییە بۆ هاوکاریکردنی، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا لەو هەنگاوەی سریلانکا نیگەرانن و دەیانەوێت بەر لە پێدانی هەر هاوکارییەک لە هەڵوێستی سیاسی لە ئاست چین دڵنیاببنەوە، چونکە هاوکاریکردنی وڵاتێك بە کرداری لە ریزی وڵاتانی هاوپەیمانی چیندا وەستابێت، پێگەی پەکین لە ناوچەی ئاسیا بەهێزتر دەکات.

ووشەی خوێندراوە ( 1,036) – zozk

پەیوەندیدار