دارچین Cinnamon بۆ ماوەی چەند هەزار ساڵێكە بووەتە بەشێكی خۆراكمان، چەند سەدەیەكیشە كە دارچین بۆ رێكخستنەوەی گرفتەكانی كۆئەندامی هەرس بەكاردێت.
دارچین ماددەی سینامالدیهاید Cinnamaldehyde لەخۆدەگرێت، كە بۆن و چێژە تایبەتەكەی دارچینە، ئەم ماددەیە هانی خانەكانی لەش دەدات بۆ ئەوەی چەوریی زیاتر بسووتێنن. توێژینەوەكان جەختیان كردووەتەوە كە ماددەی سینامالدیهیاید رۆڵی هەیە بۆ زیادبوونی چالاكیی چەند ئەنزیم و پرۆتینێك لە ناو چەورەخانەكاندا، كە بەشدارن لە كرداری میتابۆلیزم، یان سووتاندنی چەوری.
هەروەها لیكۆڵەرانی زانكۆی میشیگان لە ئەمریكا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە ماددەی سینامالدیهاید رۆڵی هەیە بۆ رێگرتن لە زیادبوونی كێشی لەش و بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن. دارچین جگە لە هاندانی سووتاندنی چەوری، سیفەتیی دژەهەوكردن و دژەمیكرۆبیشی هەیە،
هەروەها هاندەرە بۆ لەسەرخۆكردنەوەی بەتاڵبوونەوەی گەدە پاش ژەمی خواردن، ئەمەش هاندەرە بۆ جێگیركردنی ئاستی شەكری خوێن و هەستكردن بە تێربوون بۆ ماوەیەكی زۆر، واتە رێگرتن لە زووتر خواردن و زیاد خواردن، كە دەرەنجام رێگە لە زیادبوونی كێشی لەش دەگرێت.