لووتكەی (ئێران، رووسیا ، توركیا) لەبارەی دۆخی سووریا بەڕێوەدەچێت

سەرۆکی هەریەکە لە وڵاتانی رووسیا، ئێران و تورکیا لە تارانی پایتەختی ئێران کۆدەبنەوە و تاوتوێی قەیرانی سووریا دەکەن.

بڕیارە رۆژی سێشەممە، 19ـی تەممووزی 2022 هەریەکە لە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا سەردانی تاران بکەن و لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆببنەوە.

رووسیا، تورکیا و ئێران لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا چەند جارێک کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیی ئەستانەدا تاوتوێی بارودۆخی سووریا بکەن و وەکو خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن، چارەسەرێک بۆ شەڕی 11 ساڵەی وڵاتەکە بدۆزنەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، هەرسێ وڵاتەکە لە شەڕی سووریا تێوەگلاون؛ رووسیا و ئێران پاڵپشتی لە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد دەکەن لە دژی دژبەرەکانی و تورکیاش پاڵپشتی لە ئۆپۆزیسیۆن دەکات.

لووتکەی رۆژی سێشەممە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی رابردوودا، ئەردۆغان بەردەوام هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ سەر باکووری سووریا و بە تایبەتیش ناوچەکانی ژێر دەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات-هەسەدە دەکات.

ئێران، کە میوانداریی لووتکەکە دەکات، پێشتر هۆشداریداوە لەوەی کە هەر ئۆپەراسیۆنێکی سوپای تورکیا لە سووریا، دەبێتە هۆی “تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە”.

ئەم لووتکەیە وا دەکات بۆ یەکەمجار لەدوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، ئەردۆغان چاوی بە پووتین بکەوێت. ئەوەش لەکاتێکدایە کە هەر لە سەرەتای جەنگەکەی ئۆکرایناوە، ئەردۆغان داوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پووتین کردووە و پێشنیازی چارەسەرکردنی کێشەی نێوان هەردوو وڵاتە دژبەرەکەی کردووە.

ڤیلادیمیر سۆتنیکی، شیکەرەوەیەکی سیاسیی رووسیە، بە میدیای ئەوروپی راگەیاندووە کە ئەو کۆبوونەوەیە، “رێکەوت نییە” و دەشڵێت: تورکیا دەیەوێت ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت لە سووریا ئەنجامبدات لەکاتێکدا رووسیا درێژە بە ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکەی بۆ سەر ئۆکراینا دەدات.

ئایا داوای هەڵکردنی گڵۆپی سەوز دەکرێت؟

رەجەب تەیب ئەردۆغان، وەکو خۆی بانگەشەی بۆ دەکات، لە پلانیدایە ئۆپەراسیۆنێک بۆ سەر ناوچەکانی باکووری سووریا و خاکی ژێر دەستی هەسەدە ئەنجامبدات.

ئەو شوێنانەی ئۆپەراسیۆنی تورکیا دەیانگرێتەوە، بەشێکی لەژێر دەستی یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە یە کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت و بەشێکە لە هاوپەیمانیی دژی داعش.

تورکیا هەمیشە نیگەرانیی خۆی لە بوونی هێزی کوردی لە نزیک سنوورەکەی پێشانداوە و بە هەڕەشە بۆ سەر خاکی خۆی دەزانێت. هاوکات تورکیا، پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە دەکاتە پاساو بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ سەر خاکی باکووری سووریا. حکومەتی سووریاش، بەردەوام سەرکۆنەی هەڕەشەکانی تورکیا دەکات.

سینان ئولگەن، پسپۆر لە سیاسەتەکانی دەرەوەی تورکیا دەڵێت: ئەنقەرە پاڵپشتیی رووسیا و ئێرانی دەوێت پێش ئەوەی دەست بە ئۆپەراسیۆنەکەی بکات. دەشڵێت: ئەو پرسە بۆ تورکیا گرنگە، بەو پێیەی کە وەکو خۆی دەڵێت، دوو لەو ناوچانەی کە چاوەڕوان دەکرێت تورکیا ئۆپەراسیۆنی تێدا ئەنجام بدات، لەژێر کۆنتڕۆڵی رووسیادان. ئاماژە بەوەش دەکات کە تورکیا دەیەوێت لەو ناوچانە هێزی ئاسمانی بەکاربهێنێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئێران بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، بەشێکە لە ململانێی نێو خاکی سووریا، ئەویش وەکو ئولگەن دەڵێت، “لەڕێگەی چەکدارە شیعەکانی نزیکییەوە”.

ئولگەن دەڵێت، ئەردۆغان ئومێدی ئەوەی هەیە “گڵۆپی سەوز” لە هەریەکە لە رووسیا و ئێرانیش وەربگرێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی.

رووسیا پێشتر رایگەیاندووە، کە هیوادارە تورکیا پاشەکشە لە ئۆپەراسیۆنەکەی بۆ سەر سووریا بکات. ئێرانیش، کە وەزیری دەرەوەی لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، سەردانی هەریەکە لە دیمەشق و ئەنقەرەی کردووە، هۆشداری لە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە داوە.

“تێکدانی سەقامگیری”

لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەوێوە رایگەیاند، ئێران لە نیگەرانییەکانی تورکیا تێدەگات و “دەکرێت ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت پێویست بکات”.

دوای ئەو سەردانەش، ئەمیر عەبدوڵڵا هیان سەردانی دیمەشقی کرد و لەوێ رایگەیاند، دەستوەردانی سەربازیی تورکیا دەبێتە هۆی “تێکدانی سەقامگیریی” ناوچەکە.

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی ‌هێزەکانی سووریای دیموکرات داوای لە ئێران و رووسیا کردووە تورکیا لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەی رابگرن. رۆژی هەینی، 15ـی تەممووزی 2022 فەرماندەی هێزەکانی هەسەدە گوتی: ئەوان ئومێدوارن هێرشی تورکیا لە ناوچەکانی کوردنشین روونەدەن و “لە کۆبوونەوەی وڵاتە زلهێزەکاندا کورد پشتگوێ نەخرێت”.

هەسەدە پێشتر هۆشداریداوە لەوەی کە هەر هێرشێکی تورکیا دەبێتە هۆی لاوازکردنی ئەو هەوڵانەی بۆ بەرەنگاربوونەوە داعش لە ناوچەکەدا دەدرێن. لە ماوەی هەفتەی رابردووشدا، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا هۆشداریدا لەوەی کە هەر هێرشێک بۆ سەر باکووری سووریا هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی دژی داعش لاواز دەکات و رێگە بۆ داعش خۆش دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی رێکبخاتەوە و جموجوڵ بکات.

ووشەی خوێندراوە (598) – zozk

پەیوەندیدار