ئەمرۆ لوتکەی سێ قۆڵی سەرۆکانی ھەر سێ وڵاتی ئێران و روسیا و تورکیا لە تاران بەڕێوەدەچێت، ئەگەری ھێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ئەجێندای سەرەکی لوتکەکەن.
ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆشکی سەعد ئاباد لە تاران پێشوازی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کرد و ئەمرۆش حەوتەم لوتکەی سێ قۆڵی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران لە چوارچێوەی دانوستانەکانی ئەستانە بەڕێوەدەچێت.
رەوشی سوریا بە گشتی و ئامادەکارییەکانی تورکیا بۆ ھێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان و دواین پێشھاتەکانی جەنگی ئۆکراین ئەجێندای سەرەکی لوتکەی ھەرسێ سەرۆک دەبێت.
حسین ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لوتکەی ھەر سێ سەرۆک پاڵنەرێکی تر دەبێت بۆ بەھێزکردنی ھەماھەنگییە ئابورییەکان و جەختدەخرێتە سەر ئاسایشی ناوچەکە و گەرەنتی ئاسایشی خۆراک.
وتەبێژی کۆشکی کرملینیش رایگەیاندوە، بەھیوان چەند رێککەوتنێک لەگەڵ لایەنی ئێرانی بکەن کە ھەماھەنگی ستراتیژی گشتگیر لەنێوان ھەردوو وڵات لەخۆبگرێت.
ووشەی خوێندراوە (155) ئــــــا : بێستون لەتیف – ئێستانیوز