کۆمپانیای دیلۆیت داھاتی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵی نەوتی ھەرێمی بڵاوکردەوە

کۆمپانیای دیلۆیت راپۆرتی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵی لەبارەی وردبینی ھەناردەی نەوتی ھەرێم بڵاوکردەوە، بەپێی راپۆرتەکە کۆی ھەناردە و بەکاربردنی نەوتی خاو زیاتر لە ٣٩ ملیۆن بەرمیل بووە و داھاتەکەشی زیاتر لە سێ ملیار دۆلار بووە، دوای دانەوەی قەرز و شایستەی بەرھەمھێنان و کرێی گواستنەوە، یەک ملیار و ٣٤٣ ملیۆن دۆلاری بۆ حکومەتی ھەرێم ماوەتەوە.

کۆمپانیای دیلۆیت راپۆرتی وردبینی بەرھەمھێنان و ھەناردەکردن و بەکاربردن و داھاتی نەوتی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی لە ماوەی نێوان یەکی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ تا ٣١ی ئاداری ٢٠٢٢ بڵاوکردەوە.

بە پێی راپۆرتەکە ھەناردەکردن و بەکاربردنی نەوتی خاو ، ٣٩ملیۆن و ٨٨ ھەزار و ٧١٠ بەرمیل بووە کە ٣٦ ملیۆن و ٤٥٣ ھەزار و ٥٩٠ بەرمیلی بە بۆری ھەناردەکراوە، ھەر بەرمیلێکیش بە ٨٦ دۆلار و ٧٣٠ سەنت فرۆشراوە و کۆی بەھای نەوتی فرۆشراو بە بۆری ٣ ملیار و ٢٨ ملیۆن و ٩٠٣ ھەزار دۆلار بووە.

بەپێی راپۆرتەکەی دیلۆیت، ٤٠٩ ھەزار و ٣٧بەرمیل نەوتی خاو بە نرخی ٨٤ دۆلار و ٢٣٠ سەنت لە ناوخۆ و بە پاڵاوگەکان فرۆشراوە و داھاتەکەشی ٣٤ ملیۆن و ٤٥٣ ھەزار و ٣٩٤ دۆلاربووە.

کۆی داھاتی نەوتی فرۆشراو لە رێی بۆری و ناوخۆ ، کە زیاتر لە ٣ ملیار دۆلار بووە، زیاتر لە ١٧٥ ملیۆن دۆلار بۆ گۆڕانکاری لە رەسیدی حساباتی کڕیارەکان و زیاتر لە ٥٨ ملیۆن دۆلار بۆ سود و رسوماتی دیکە و سپاردەکان رۆیشتوە، ھەروەھا زیاتر لە یەک ملیار دۆلار بۆ شایستەی دارایی بەرھەمھێنەرانی نەوت و زیاتر لە ١٢٧ ملیۆن دۆلار بۆ تاریفی کۆمپانیای وزەی تورکی و زیاتر لە ١٢٢ ملیۆن دۆلار بۆ کۆمپانیای بۆری نەوتی کوردستان تەرخانکراوە.

ھەروەھا ١٢٥ ملیۆن دۆلار دراوەتەوە بە قەرزی کۆمپانیای وزەی تورکی و کۆمپانیای پێترۆڵی تورکی نێودەوڵەتی، جگەلەوەش زیاتر لە ٨٨ ملیۆن دۆلار بۆ لایەنی سێیەم یان لەبری حکومەتی ھەرێم دراوە.
بەپێی راپۆرتەکەی کۆمپانیای دیلۆیت، بڕٍی سافی ئەو داھاتەی بۆ حکومەتی ھەرێم لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە کۆی فرۆشتنی نەوت و چالاکییە پەیوەندیدارەکاندا ماوەتەوە یەک ملیار و ٣٤٣ ملیۆن دۆلارە.

ووشەی خوێندراوە (314) ئــــــا : بێستون لەتیف – ئێستانیوز

پەیوەندیدار