ئەمڕۆ لە درێژەی دەستدرێژییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامی تۆپبارانکردنی ناحیەی دەرکار لە سنووری دەڤەری زاخۆدا، 8 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و 23کەسی دیکە بریندار بوونە.
لەکاتێکدا بەتووندی ئیدانەی ئەو دەستدرێژکاریەی سوپای تورکیا دەکەین، داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییە بەردەوامانە و سیاسەتی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر باشوور و رۆژئاوای کوردستان دابنێن و پێشی پێ بگرن، کە پێچەوانەی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکانە و بووەتە هۆی نائارامی و مەترسییەکی گەورە لە ناوچەكە و بە بەردەوامی خەلکی سڤیل دەبنە قوربانی. دەبێ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک رووبەڕووی ئەو دەستدرێژکاریەی سوپای تورکیا ببنەوە.
درود بۆ گیانی قوربانیانی تاوانی تۆپبارانکردنی سوپای داگیرکەری تورکیا، شیفا و زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان.
مەکتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
20ی تەمموزی 2022