لــە چـاوەڕوانـی دووبـارەبـوونـەوەی سیناریـۆی ٢٠١٨

هیوا سه‌ید سه‌لیم

دوای نزیکەی دە مانگ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەموو ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن کە دەبێت لەو دوو هەفتەیە گرێکوێرەی دامەزراندنی حکومەتی تازە بکرێتەوە، بە تایبەت کە لە ئێستادا فراکسیۆنە شیعەکان دوای کشانەوەی پەرلەمانتارانی ڕەوتی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەران، گرفتی کوتلەی گەورەیان نەماوە.

ئێستاچوارچێوەی هەماهەنگی کوتلەی گەورەی ناو پەرلەمان پێکدەهێنێت، تاکە گرفتیان بریتیە لە یەکلابوونەوەی ئەو هاوپەیمانیە لەسەر کەسێک، تا ڕابسپیردرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی وەزاری تازە. بەڵام پێش ئەو هەنگاوە بە پێی ماددەی 70لە دەستوری عێراق، دەبوو تا ئێستا ئەنجومەنی نوێنەران پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار یەکلایی بکاتەوە.

شایانی باسە، زۆربەی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ ئەو ڕایەدانە کە بابەتی پۆستی سەرۆک کۆمارکە بەپێی عورفی کارپێکراو لە دوای پرسەی ئازادی عێراق و پەسندکردنی دەستوری تازە، لە پشکی پێکهاتەی کوردە، بۆیە دەبێت هەرچی زووە لە نێوانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەو پرسە یەکلاییبکرێتەوە.

بۆ ئەم مەبەستە داوای زۆربەی پێکهاتەکانی ناو پەرلەمان ئەوەیە کە ئەو دوو لایەنە دەبێت لەسەر یەک کاندید ڕێکبکەون، تا بەو زووانە پەرلەمان دانیشتنی ئاسایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەنجام بدات، چونکە بە پێی دەستوری عێراق، تا سەرۆک کۆمار هەلبژاردنی بۆ نەکرێت، بابەتی پێکهێنانی حکومەت هەروا بە هەڵواسراوەیی دەمێنێتەوە.

پرسی پۆستی سەرۆک کۆمار لە خولەکانی ڕابردوودا بە چەندین هەڵبەز و دابەز تێپەڕیوە، هەمیشەش گرفتی نێوان پارتی و یەکێتی بوو، لە دوو خولی یەکەم نەبێت کە ئەوسا رێکەوتنی ستراتیژی لە نێوانی پارتی و یەکێتی هەبوو، کە لە بەغدا ئەو پۆستە بۆ مام جەلال بێت، وە لە بەرامبەریشدا لە هەرێمی کوردستان مسعود بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرێت. دوو خولی یەکەم مام جەلال بۆ ئەو پۆستە کاندید کرا و لە نێوخۆدا گرفتێکی ئەو تۆ لەسەر ئەو پۆستە درووست نەکرا.

لە خولی سێیەم هەم لە نێو خودی یەکیتی زیاتر لە کاندیدێک هەبوو، هەم پارتی دەستی لەو پشتیوانە هەڵگرت کە لە دوو خولی یەکەم لە مام جەلالی دەکرد، ئەوەبووهەریەک لە “فواد مەعسوم و بەرهەم ساڵح نەجمەدین کەریم” چوونە ناو ڕکابەری یەکتر کە هەر سێکیشیان لەسەر پشکی یەکێتی بوون،سەرەنجام کاندید بوونی فواد مەعسوم بە دەنگی فراکسیۆنە کوردستانیەکان یەکلایکرایەوە و دواتر لە پەرلەمانی عێراق دەنگی بۆدرا.

شایانی باسە ئەگەرچی ناکۆکیەکان لە خولی سێیەم لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری سەریان هەڵدا، بەڵام لە خولی چوارەم بە خرابی تەقیەوە، بە تایبەت کاتێک پارتی و یەکێتی بە دوو کاندیدی جیاواز “بەرهەم ساڵح و فواد حوسێن” رکابەریەکەیان بردە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەرهەم ساڵح بە دەنگی زۆرینە لە کاندیدەکەی پارتی بردەوە.

لە ئێستاشدا کە ناکۆکیەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر هەمان پرس گەیشتۆتە لووتکە، دەبێت یەکلاکردنەوەی پرسی سەرۆک لە نێوانیان بە یەکێک لەو دوو رێگایە یەکلابکرێتەوە:

ڕێگای یەکەم: رێکەوتنە لە نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر تاکە کاندیدێک، ئەوەشیان بەوە دەکرێت کە هەریەک لەو دووانە پاشەکشە بە کاندیدی خۆی بکات لە بەرژەوەندی ئەوەی دیکە، ئەمەیان وێڕای دانیشت و دانوستانی زۆری نێوانی پارتی و یەکێتی تا ئێستا بێ چارەسەر ماوەتەوە، چونکە هیچ یەک لەو دوو لایەنە تا ئێستا ئامادەنین دەستبەرداری ئەو پۆستە بن بۆ یەکتری.

لە کاتی پێداگری هەریەک لە پارتی و یەکیتی لەسەر مانەوەی دوو کاندیدەکەیان ئەوە دەبێت بە ناچاری پەنا بۆ رێگاچارەی دووەم ببەن ئەویش بریتیە لە دووبارە بوونەوەی سیناریۆی ساڵی 2018.

پارتی کە دۆڕاوی نێو رکابەری ساڵی 2018 ە، تا بۆی بکرێت ناچێتەوە ناو ئەو سیناریۆیە ، بە پێچەوانەی ئەوان یەکێتی لەبەر چەندین هۆکار پێی خراب نیە کە ئەوان لەگەڵ پارتی ململانێکەیان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار لە پەرلەمان یەکلابێتەوە.

یەکێتی پێیوایە کاندیدەکەیان بە بەراورد بە کاندیدی پارتی شانسی زیاتری دەبێت، ئەو ڕایەشیان لەوە سەرچاوەی گرتووە کە رەتکردنەوەی مافی کاندیدبوونی هۆشیار زێباری لە لایەن دادگای فیدڕالی، هەروەها پاشەکشەی لیستی سەدر لە پڕۆسەی سیاسی دەرفەتی زیاتری بۆ کاندیدی ئەوان ڕەخساندووە.

شایانی باسە، هەموو لایەک دەزانین کە سیناریۆی ساڵی 2018 ترازانێکی زۆری خستە نێوان پەیوەندیەکانی پارتی و یەکێتی، هەروەها سەنگی کوردی لە بەغدا لاوازترکرد.

بۆیە بە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی 2018، پێشبینی دەکرێت ئەنجامەکانی کاردانەوەی نەرێنی لە سەر ئاستی عێراق و کوردستان لەسەر زۆرێک لە پرسەکان دابنێت، نموونەی پەرتەوازەی زیاتری هێزی کورد لە بەغدا، کە بە نەتیجە کاریگەری دەبێت لەسەر مافە دەستوری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان، تا کێشەی ناوچە دابڕیندراوەکان بە پرسی کەرکوکیشەوە، هەروەها لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستانیش بەردەوامی ناکۆکیەکانی پارتی و یەکێتی کاریکەری لەسەر دۆخی خرابی کوردستان دەبێت، هەرەوەها کۆسپ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا دروست دەکات.

پەیوەندیدار