لەنێو گەرمەی قەیرانی سیاسی و ئابووریی وڵاتدا، پەرلەمانی سریلانکا سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرێت، سێ کەس خۆیان بەربژێرکردووە شوێنی گوتابایا راجاپاکسا بگرنەوە، ئەو سەرۆکەی هەفتەی رابردوو دەستی لەکار کێشایەوە، دوای ئەوەی لەژێر گوشاری خۆپێشاندەران وڵاتی بەجێهێشت.
هەریەک لەو سێ بەربژێرە جێگەی راجاپاکسا بگرنەوە، بەرپرسیارێتیی وڵاتێکی مایەپووچی ئابووریی داڕماو دەگرێتەوە ئەستۆ.
هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ لە لایەن پەرلەمانەوە بەڕێوەدەچێت، رانیل ویکریمیسینگ، سەرۆکی بەوەکالەتی سریلانکا یەکێکە لە ئەگەرە بەهێزەکان کە شەش خول سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە بووە، مەترسی دەکرێت ئەگەر هەڵبژێردرێتەوە، جارێکی دیکە خۆپێشاندان دەستپێبکاتەوە، چونکە لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە داوای رۆیشتنی ئەویش لە دەسەڵات دەکرێت.
رکابەری رانیل، وەزیری پێشووتری پەروەردەیە بەناوی دوڵاس ئالاپیروما، کاری رۆژنامەڤانی کردووە و لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە پاڵپشتی لێدەکرێت.
بەربژێری سێیەم ئانورا دیسانایکە، سەرۆکی پارتی چەپی بەرەی رزگاری گەل کە هاوپەیمانەکەی سێ کورسی پەرلەمانیان هەیە، بەڵام سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوە و سەرۆکی بەوەکالەتی وڵات بەهێزترین بەربژێرە و پاڵێوراوە ببێتە سەرۆکی وڵات.
هەرچەند لە کاتی هەڵکوتانە سەر ئۆفیسەکەی، سوپای سریلانکا رانیلیان لەژێر دەستی خۆپێشاندەران دەرهێنا و رزگاریان کرد، بەڵام ئەمڕۆ لە پەرلەمان لە لایەن گەورەترین فراکسیۆن پاڵپشتی لێدەکرێت.
وەکو سەرۆکێکی بەوەکالەت، ویکریمیسینگ باری نائاسایی لە وڵاتەکە درێژکردووەتەوە، فەرمانی بە پۆلیس کردووە شەقام لە توندوتیژیی خۆپێشاندەران پاکبکاتەوە، مەترسی دەکرێت ئەگەر هەڵبژێردرێتەوە، ئەمجارە بە زەبری هێز کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان بهێنێت و دەست بە سەرکوتکردن و دەستگیرکردنی خۆپێشاندەران بکات.
رانیل لە لایەن راجاپاکسا وەکو سەرۆکوەزیران دەستیشانکرابوو، خانەوادەیەک بوون 20 ساڵ بوو لەدەسەڵاتبوون، 14ـی تەممووزی ئەمساڵ لەژێر گوشاری خۆپێشاندەران کۆتایی بە دەسەڵاتیان هات کە لەژێر سیستمی حوکمڕانییان، وڵاتەکە مایەپووچوونی خۆی راگەیاند و رێژەی هەڵاوسان گەیشتە 54٪ و نرخی خۆراکیش 80٪ بەرزبووەوە.