موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لەبارەی تۆپبارانەکەی سنوری زاخۆ پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تورکیا زیادەڕەوی کردوە کە وایزانیوە عێراق بەرامبەر هێرش بۆسەر خاکەکەی جگە لە سەرکۆنە هەڵوێستی دیکەی نابێت، بۆیە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هێرشەکان داوا دەکات پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ تورکیا داببەزێنرێت و فڕۆکەخانە و دەروازە سنوریی و وشکانییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە دابخرێن، هەروەها داوا دەکات رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئەنقەرە هەڵبوەشێنرێتەوە.
موقتەدا سەدر ئەمڕۆ چوارشەممە لە پەیامێکدا باسی لەوەشكردوە، تورکیا زیادەڕەوی کردوە و پێی وایە عێراق تەنها بە ئیدانەیەكی لاوازی وەزارەتی دەرەوە دەتوانێت وەڵامی بداتەوە، بۆیە پێشنیاز دەکات لەرێگەی چوار خاڵەوە وەڵامی ئەنقەرە بدرێتەوە.
ئەو چوار خاڵەی سەدر بۆ وەڵامدانەوەی تورکیا دیاریکردون:
یەکەم: دابەزاندنی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لەگەڵ تورکیا
دوەم: داخستنی فڕۆکەخانە و دەروازەکان لەنێوان عێراق و تورکیا
سێیەم: بەرزکردنەوەی سکاڵا لە نەتەوە یەکگرتوەکان و بەرێگەی فەرمی لە زوترین کاتدا.
چوارەم: هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ تورکیا
موقتەدا سەدر ئەوەشی خستوەتەڕو، داوا دەکات ئەو سزایانە لەسەر تورکیا بەردەوام بن تا ئەو کاتەی ئەنقەرە بەڵێنی دەدات کە بۆ هەر هێرشێکی بۆسەر خاکی عێراق، پێشوتر بەغدا ئاگادار بکاتەوە و مۆڵەتی لێوەربگرێت ئەگەر هەڕەشە لە نزیک سنورەکانی هەبێت، بەپێچەوانەوە “هێرشکردن بۆ سەر پارێزگاکانی باکور و هەرێم لە ناوەوە و دەرەوە چیتر قبوڵ ناکرێت”.
کەمێک لەمەوبەر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئەنجامی تۆپبارانەکەی ئەمڕۆی زاخۆ هەشت کەس کوژراون کە بریتین لە چوار کچ و چوار کوڕ، هەروەها 26 کەسیش برینداربون.