بۆریی ئاوی ئیفراز سێی هەولێر چاككرایەوە

بۆریی ئاوی ئیفراز سێ چاککرایەوە و جێگری پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، تاوەکو سبەی هەینی، ئاو دەگاتە سەرجەم ئەو گەڕەکانەی پشت بە ئاوی ئیفراز سێ دەبەستن.

هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، “هەر دوێنێ [چوارشەممە] تیمەکانمان ناردووە بۆ چاککردنەوەی بۆریی ئاوی ئیفراز سێ و کاژێر 7:00ی ئێوارە چاککراوەتەوە و ئاو بە دوو گەڕەکیش گەیشتووە.”

لە ماوەی ئەم مانگەدا ئەوە سێیەمین جارە بۆریی ئاوی ئیفراز سێ دەشکێت. جێگری پارێزگاری هەولێر دەڵێت، “بۆئەوەی ئاو بگاتە سەرجەم ئەو گەڕەکانەی پشت بە ئاوی ئیفراز سێ دەبەستن کاتی دەوێت تاوەکو تۆڕەکان پڕ ئاو دەبن، پێشبینی دەکەین تاوەکو سبەی [هەینی] ئاو بگاتە سەرجەم گەڕەکەکان و هیچ گرفتێک نەمێنێت.”

رۆژی چوارشەممە 20-07-2022 بۆریی ئیفراز سێ بەهۆی کارکردنی کۆمپانیای هێمن گرووپ لە شەقامی 150 مەتریی هەولێر شکا. هێمن قادر دەڵێت، “کۆمپانیای هێمن گرووپ هاوئاهەنگییان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر هەیە و ئاگاداری رێڕەوی ئاوەکانن، بەڵام رەنگە لە کاتی حەفرکردن بۆرییەکە شکابێت. ئەوە یەکەمجاریش نییە و تەنیا لە ماوەی ئەمساڵدا چوار جار ئەو بۆرییە شکاوە، بۆیە لەگەڵ شارەوانی لەسەر هێڵین بۆئەوەی بۆرییەکە بگۆڕین.”

رۆژی 12-05-2022 سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رەزامەندیی لەسەر خەرجكردنی بڕی 20 ملیار و 842 ملیۆن و 500 هەزار دینار داوە بۆئەوەی بۆرییەکی دیکەی گوێزەرەوە بۆ ئاوی ئیفراز – سێی هەولێر دروستبکرێت.

جێگری پارێزگاری هەولێر دەڵێت، “هەوڵدەدەین لە کاتی گۆڕینی بۆرییەکەدا هیچ گرفتێک بۆ هاونیشتمانیان دروست نەبێت و لە کاتێکدا بگۆڕدرێت کە بەکارهێنانی ئاوی کەم بێت.”

بۆریی ئاوی ئیفراز سێ کەوتووەتە باکووری شاری هەولێر و نزیکەی 40%ـی ئاوی شاری هەولێر، کە بریتین لە گەڕەکەکانی باکوور و رۆژئاوای شارەکە، دابین دەکات. گەڕەکەکانی زانکۆ، باداوە، فەرمانبەران، ئیسکان و چەند گەڕەکێکی دیکە لەگەڵ شکانی ئەو بۆرییەدا رووبەڕووی کێشەی نەبوونی ئاو دەبنەوە.

پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێ 15 ساڵە دروستکراوە و رۆژانە نزیکەی 240 ملیۆن لیتر ئاو دابین دەکات. هەر جارێک بۆریی ئاوی ئیفراز سێ بشکێت، لە هەر کاژێرێکدا نزیکەی 10 هەزار مەتر سێجا ئاو بەفیڕۆ دەچێت.

لە هەولێر سێ پرۆژەی ئاوی ئیفراز هەیە. ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە، ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.

پەیوەندیدار