توركیا: لەپێناو دەرخستنی راستییەكان، ئامادەی هەموو جۆرە هەنگاوێكين

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی سەر زاخۆ رایگەیاند، توركیا له‌پێناو ده‌رخستنی راستییه‌كان ئاماده‌یه‌ بۆ هاویشتنی هه‌موو جۆره‌ هه‌نگاوێك. دەشڵێت، ” توركیا به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌ چوارچێوه‌ی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا بەڕێوەدەبات”.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی هێرشەکەی سەر هاوینەهەواری پەرەخێیان لە سنوری زاخۆ راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، “له‌ڕێگه‌ی ئه‌م جۆره‌ هێرشانه‌وه‌، كه‌ مرۆڤگه‌لی بێتاوان ده‌كه‌نه‌ ئامانج و وا لێكده‌درێته‌وه‌ كه‌ له‌ رێکخراوی تیرۆریستییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتبێت، هه‌ڵوێستی ره‌وا و مكوڕی وڵاته‌كه‌مان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا به‌ ئامانج گیراوه‌”.

ئاماژەی بەوەشداوە، به‌ دڵته‌نگییه‌كی زۆره‌وه‌ هەواڵی ئەوەمان پێگەیشت كه‌ له‌ ئه‌نجامی هێرشێكدا كه‌ ئه‌مڕۆ (٢٠ی ته‌مووز) له‌ كه‌ناری زێیه‌كدا له‌ شارۆچكه‌ی زاخۆی سه‌ربه‌ پارێزگای دهۆك له‌ عێراق ئه‌نجامدراوه‌، به‌پێی ئاماره‌ سه‌ره‌تاییه‌كان هه‌شت كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و ٢٣ كه‌سی دیكه‌ برینداربوون.

لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا پرسە وسەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی ئەو گەشتیارانەکرد کە بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی وڵاتەکەیەوە گیانیالەدەستدا و دەڵێت، پرسەی خۆیان ئاراستەی بنەماڵەی ئەو هاوڵاتییانە دەکەن کە “له‌و رووداوه‌ دڵته‌زێنه‌”دا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، سه‌ره‌خۆشی له‌ كه‌سوكاریی قوربانیان و گه‌لی عێراق و حكوومه‌ته‌كه‌ی كردووه‌ و هیوای چاكبوونه‌وه‌ی بۆ برینداره‌كان خواستووه‌.

دەشڵێت، توركیا دژی هه‌موو جۆره‌ هێرشێكه‌ كه‌ سڤیله‌كان بكاته‌ ئامانج. به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌ چوارچێوه‌ی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، و له‌رێگه‌ی نیشاندانی ئه‌وپه‌ڕی هه‌ستیاری سه‌باره‌ت به‌ سڤیله‌كان، ژێرخانی مه‌ده‌نی، مێژوویی و كولتووریی و پارێزگارییكردن له‌ سرووشت، به‌ڕێوه‌ده‌بات.

لەبەشێکی دیەکەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا هاتووە، توركیا له‌پێناو ده‌رخستنی راستییه‌كان ئاماده‌یه‌ بۆ هاویشتنی هه‌موو جۆره‌ هه‌نگاوێك.

دەشڵێت، “بانگهێشتی كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین له‌ژێر كاریگه‌ریی گوتار و پڕوپاگه‌نده‌ی رێكخراوی په‌كه‌كه‌ لێدوان نه‌ده‌ن و هاریكاربن بۆ ئه‌وه‌ی بكه‌رانی ئه‌م رووداوه‌ دڵته‌زێنه‌ ئاشكرا بكرێن”.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی هاوینەهەواری پەرەخێیان کرد لە سنوری زاخۆ و بەهۆیەوە نۆ کەس گیانیان لەدەستدا و ٢٥ کەسی دیکە بریندار بوون.

پەیوەندیدار