تەندروستیی دهۆك: تەندروستیی سێ لە بریندارانی تۆپبارانەكەی گوندی پەرەخ ناجێگیرە

گوتەبێژی تەندروستیی دهۆک رایگەیاند، 23 برینداری رووداوەکەی دوێنێی گوندی پەرەخ هێشتا هەر لە نەخۆشخانەکانن، سێ لە بریندارەکانیش تەندروستییان ناجێگیرە.

هەمزە رەزیکی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک رایگەیاند، “سێ بریندار تەندروستییان ناجێگیرە، کە یەکێک لەوانە منداڵە و نەشتەرگەریی مێشکی بۆ کراوە. ئەوانی دیکە تەندروستییان باشە و دەتوانرێت لە نەخۆشخانەیەک بگوازرێنەوە نەخۆشخانەیەکی دیکە، بەڵام بەشێک لەوانە ئێستا ناتوانن بڕۆنەوە ماڵەوە، چونکە هێشتا تەندروستییان بە تەواوی جێگیر نییە.”

رۆژی چوارشەممە 20-07-2022، تۆپبارانی گوندی پەرەخی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کرا و بەهۆیەوە نۆ گەشتیاری عەرەب گیانیان لەدەستدا و 26 کەسی دیکەش بریندار بوون. بە گوتەی گوتەبێژی تەندروستیی دهۆک، ئەمڕۆ تەرمی ئەو نۆ کەسە گەڕێندراوەتەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و بڕیارە لەوێوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بگوازرێتەوە و رادەستی کەسوکاریان بکرێنەوە.

بەڕێوەبەری تەندروستیی دهۆک گوتیشی، “سێ لە بریندارەکان، نەشتەرگەریی مێشک، مل و سنگیان بۆ کراوە و تەندروستییان باش نییە و لەژێر چاودێریی چردان.”

ناوی ئەو نۆ کەسەی گیانیانلەدەستداوە:

– سەجاد محەممەد جاسم، 24 ساڵ، دانیشتووی بەغدا

– عەلی سەباح ئیسماعیل، 43 ساڵ، دانیشتووی بەغدا

– عەباس عەلا عەبدولئەحەد، 30 ساڵ، دانیشتووی بەغدا

– زەھرا خەیری محەممەد، 1 ساڵ، دانیشتووی بەغدا

– سارە قەیس عەلی، 12 ساڵ، دانیشتووی بەغدا

– زەھرە قەیس عەلی، 16 ساڵ، دانیشتووی بەغدا

– تەها عەبدولڕەحمان نیعمەت، 25 ساڵ، دانیشتووی بەغدا

– حەسەن عەبدولئەمیر، 55 ساڵ، دانیشتووی کەربەلا

– عەباس محەممەد جەواد، دانیشتووی کەربەلا

ئەو رووداوە کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە و بەشێک لە سەرکردە حکومی و حیزبییەکانی عێراق تورکیایان بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد. ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کرد و داوای لە ئەنقەرە کرد “بە فەرمی” داوای لێبووردن بکات لەسەر ئەو رووداوە و ھێزە سەربازییەکانیشی لە خاکی عێراق بکشێنێتەوە.

لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا “دڵگرانی”ی خۆیان لە تۆپبارانەکە دەربڕی و رایگەیاند، “تورکیا ئامادەی هەموو هەنگاوێکە تاوەکو راستییەکان ئاشکرا دەکرێن.”

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی تۆپبارانەکەوە رایگەیاند، ئەوان جەخت لە هەڵوێستی خۆیان دەکەنەوە کە پێویستە هەنگاوە سەربازییەکانی نێو عێراق رێز لە سەروەری و سەلامەتی خاکی عێراق بگرن.

نێد پڕایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی، “لەم کاتەدا ئاگاداری تۆپبارانە خوێناوییەکەی ئەمڕۆی باکووری عێراقین کە بەگوێرەی راپۆرتە سەرەتاییەکان بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک کەس، لە نێویشیاندا خەڵکی سڤیل.”

پەیوەندیدار