رێکخراوی CPTـی ئەمریکی رایگەیاند، هێرشەکەی دوێنێی سوپای تورکیا بۆسەر ناوچەیەکی گەشتیاری لە زاخۆ زۆرترین ژمارەی کوژراوی لەمێژوی هێرش و بۆردومانەکانی ئەو وڵاتدا بۆسەر كوردستان تێدا تۆمارکراوە، هەروەها لە ساڵی 2015ەوە 138 هاوڵاتی هەرێم بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە شەهیدبون.
رێکخراوی CPTـی ئەمریکی لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، دوانیوەڕۆی دوێنێ، سوپای توركیا لە بارەگای سەربازی خاتیرێوە لە قەزای زاخۆ لە پارێزگای دھۆك، چوار جار بۆردومانی ناوچەیەكی گەشتیاری گوندی پەرەخێی كرد، بەدرێژایی مێژوی ئۆپراسیۆن و بۆردومانەكانی توركیا بۆسەر كوردستانی عێراق، زۆرترین ژمارەی قوربانی گیانی ھاوڵاتیانی مەدەنی لە ڕوداوەكەی ئەمڕۆدا ھەبوە.
ئەوەش هاتوە، لەدوای گفتوگۆكردن لەگەڵ ھاوڵاتیان و شایەتحاڵانی ڕوداوەكە لەگوندی پەرەخێ و نەخۆشخانەی فریاكەوتنی زاخۆ، تیمی كوردستانی عێراقی CPT، دڵنیابۆوە لە شەھیدبونی نۆ ھاوڵاتی مەدەنی و برینداربونی 23 ھاوڵاتی تری مەدەنی لەو تۆپبارانەی سوپای توركیادا. بەگوێرەی زانیارییەكانیش تەواوی قوربانیەكانی گەشتیاری بە نەتەوە عەرەبن و لە پارێزگاكانی باشور و ناوەڕاستی عێراقەوە بۆ پشو وەرگرتن ھاتبونە ناوچەكە. لەناو قوربانیەكاندا منداڵی ساوا و قوربانی بە تەمەنی 71 ساڵی تێدایە.
ئەوەش هاتوە، ئەمە یەكەم جار نیە كە بۆردومانەكانی توركیا لە گوندی پەرەخێ قوربانی مەدەنی لێدەكەوێتەوە، بەڵكو ھەر لەم ساڵدا و لە ڕۆژی 15ی حوزەیراندا دو جوتیاری گوندی پەرەخێ لە باخەكەی خۆیاندا، بەھۆی تۆپبارانەكانی توركیاوە برینداربون.
رێکخراوی CPTـی ئەمریکی ئەوەشی خستوەتەڕو، لە ئابی 2015ەوە تاوەكو ئێستا، 138 ھاوڵاتی مەدەنی بەھۆی ھێرشەكانی توركیا بۆسەر خاكی ھەرێمی كوردستانی عێراق شەھیدبون، بۆیە تیمی كوردستانی عێراقی CPT، داوا لە سوپای توركیا دەكات كە چیتر ھاوڵاتیانی مەدەنی بە ئامانج نەگرێت و ھەردو حكومەتی عێراقی و ھەرێمی كوردستانیش پارێزگاری لەسەروەری خاكی عێراق و گیانی ھاوڵاتیانی مەدەنی بكەن.