ژمارەیەك پەرلەمانتار داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكەن

ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەن، پەرلەمان لەبارەی تۆپبارانەکەی سنووری زاخۆ کۆببێتەوە. داواش دەکەن سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بن.

هادی سەلامی، پەرلەمانتاری سەربەخۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لیستێکی بەناوی 99 پەرلەمانتارەوە بۆ ئەو کۆبوونەوەیە بڵاوکردەوە و لە راگەیێندراوێکدا دەقی داواکارییەکەی ئاشکرا کردووە، کە بۆ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان بە ناونیشانی “میوانداریکردن و خستنەڕووی پرسێکی گشتی بۆ گفتوگۆ” نێردراوە.

لە داواکارییەکە هاتووە، “ئێمەی پەرلەمانتاران، کە واژۆمان کردووە، داوا دەکەین پەرلەمانی عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی هێرشە سەربازییەکەی هێزەکانی تورکیا بۆسەر هاووڵاتییان کۆببێتەوە. داوای ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و فەرماندەی هێزە چەکدارەکان و وەزیری بەرگری دەکەین بە مەبەستی بەرچاوڕوونی لەسەر بەردەوامبوونی خوێنڕشتنی عێراقییەکان لە هەرێمی کوردستان و شەهیدبوونی ژمارەیەک و برینداربوونی چەندینی دیکە بەهۆی ئەو تۆپبارانە ستەمکارانەیەی تورکیا بۆسەر وڵاتە خۆشەویستەکەمان دەیکات.”

رۆژی چوارشەممە 20-07-2022 چوار تۆپ ئاراستەی ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری گوندی پەرەخی شارۆچکەی دەرکار لە ئیدارەی زاخۆی کران، بەهۆیەوە 9 گەشتیار گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 20ی دیکەش بریندار بوون.

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، دوای لێکۆڵینەوە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە تۆپبارانەکە لەلایەن تورکیاوە ئەنجام دراوە. هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بارەگای بارزانی تورکیایان تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی هێرشەکە؛ بەڵام وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، هێرشەکە لەلایەن ئەوانەوە ئەنجام نەدراوە و ئامادەن بۆ ئاشکراکردنی هاوکاریی بەرپرسانی عێراق بکەن.

پەیوەندیدار