شاخەوان عەبدوڵا: تورکیا بەمەبەست شوێنی گەشتیاران دەکاتە ئامانج
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دەوڵەتی تورکیا بە مەبەست شوێنە گەشتیارییەکان و خەڵکی مەدەنیی دەکاتە ئامانج، “بۆ ئەوەی هەست بە ئارامیی نەکرێت لە کوردستان”، داواش دەكات هاوڵاتیانی عێراق و کوردستان بە هەڵوێستێکی یەکگرتووانە ڕووبەڕووی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا ببنەوە.
ڕۆژی ٢٠ی تەمموزی ٢٠٢٢ دەوڵەتی داگیرکەری تورک تۆپبارانی گوندی پەرەخی لە سنووری زاخۆ کرد و بەهۆیەوە نۆ گەشتیار گیانیان لەدەستدا و ٢٣ی دیکەش بریندار بوون، کە سەرجەمیان لە نەتەوەی عەرەب بوون و خەڵکی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن.
شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لەو بارەیەوە بە ڕۆژنیوزی وت: دەوڵەتی تورکیا بە مەبەست شوێنە گەشتیارییەکان و خەڵکی مەدەنیی دەکاتە ئامانج، بۆ ئەوەی گەشتیاران هەست بە ئارامیی نەکەن لە کوردستان، ئەمە کارێکی زۆر دڕندانەیە، هێرشەکەی دەوڵەتی تورکیا پێمان دەڵێت هیچ شوێنیکی کوردستان ئاسایش و ئارامیی تێدا نییە بۆ خەڵک.
ئەو ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشان وتیشی: پێویستبوو لە پێشووتردا ئەم جۆرە هەڵوێستانەی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەبواییە لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، لە کاتێکدا دەوڵەتی تورک بەبێ هیچ بیانوویەک خەڵکی سڤیل بەئامانج دەگرێت، بۆیە دەبێت بەتوندترین شێوە هەڵوێست بەرامبەر دەوڵەتی تورک دەرببڕن، هەروەها لە کۆمڵگای نێودەوڵەتی سکاڵا لەسەر دەوڵەتی تورك تۆمار بکرێت بۆ وەستانی هێرشەکان و نەبەزاندنی سەروەریی عێراق.
بەپێویستیشی دەزانێت، هاوڵاتیانی عێراق و کوردستان، بە هەڵوێستێکی یەکگرتووانە ڕووبەڕووی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا ببنەوە و وتیشی: دەوڵەتی تورک هاوڵاتیانی مەدەنی دەکاتە قوربانی، جگە لەوەش هاوڵاتیان دڵنیان لە ئارامی و ئاسایشی ناوچەکانی کوردستان، چونکە تورکیا بەبێ هیچ بیانووێک هێرش دەکاتە سەر ناوچە گەشتیارەکانی کوردستان.

ووشەی خوێندراوە ( 245) ئـــا : بێستون لەتیف ………….. دیمانە : رۆژنیوز