زیاتر لە پێنج مانگە شەڕی نێوان روسیا و ئۆکرانیا دەستیپێکردوە، بەهۆی شەڕەکەوە قەیرانێکی گەورەی خۆراک بەرۆکی جیهانی گرتوە، دواجار هەریەک لە روسیا و ئۆکرانیا رێککەوتن کە دەست بکرێتەوە بە هەناردەی گەنمی ئۆکرانیا لەرێگەی دەریای رەشەوە لە مەراسیمی واژۆکردنی رێککەوتنەکەدا هەریەک لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان و سەرۆک کۆماری تورکیا ئامادە بون.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە روسیا رێگە دەدات ئۆکرانیا بەرهەمی دانەوێڵەی لەرێگەی دەریای رەشەوە هەناردەی جیهان بکات.
80 کەشتی پڕ لە دانەوێڵە کە 25 ملیۆن تەن گەنم و بەرهەمەکانی تریان هەڵگرتبوو، چاوەڕێی واژۆی وەزیرانی ئەو دوو وڵاتە بوون کە ماوەی نزیکەی پێنج مانگە لە شەڕدان.
ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس سکرتێری نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند: ئەم رێککەوتنە بۆ هەمو جیهان گرنگە، دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی قەیرانی خۆراک لە جیهاندا، نابێت وابزانین رێککەوتنەکە هەروا بە ئاسانیی هاتوەتەئاراوە.
لە رێککەوتنەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیار دراوە ناوەندێکی هەماهەنگیی لەنێوان لایەنەکانی بەشدار لە رێککەوتنەکەدا دابمەزرێت، کاری ناوەندەکە بریتی دەبێت لە سەرپەرشتیکردن و چاودێری کردنی پرۆسەی هەناردەی دانەوێڵە لە ئۆکرانیاوە بۆ جیهان.
مانگی تەمموز، سەرەتای دەستپێکی هەناردەی دانەوێڵەیە لە ئۆکرانیاوە بۆ جیهان، ئۆکرانیا هیواخوازبو زوتر ئەم رێککەوتنە واژۆ کرابایە، بەڵام ناکۆکی زۆر لەگەڵ روسیادا کارەکەی ئەستەم کردبوو.
ووشەی خوێندراوە ( 182 ) ئـــا : بێستون لەتیف