نزیكه‌ی 17 هه‌زار كه‌س له‌ 74 وڵاتدا تووشی ئاوڵه‌ی مه‌یموون بوون

نزیكه‌ی 17 هه‌زار كه‌س له‌ 74 وڵاتدا تووشی ئاوڵه‌ی مه‌یموون بوون، رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانیش نیگه‌رانه‌ و باری له‌ناكاوی ته‌ندروستی گشتی راگه‌یاند.

تیدرۆس ئه‌دهانۆم گیبریسوس، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی گوتی: “بڕیارمداوه‌ باری له‌ناكاوی ته‌ندروستی گشتی رابگه‌یه‌نم، ئه‌مه‌ش ئاستی نیگه‌رانیی نێوده‌وڵه‌تییه‌”، بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی ئاوڵه‌ی مه‌یموون ببینه‌وه‌.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكرده‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی روونیشكردووه‌ته‌وه‌، مه‌ترسی له‌سه‌ر جیهان به‌ رێژه‌ی مامناوه‌نده‌، به‌ڵام ئه‌وروپا له‌ ئاستی به‌رز هه‌ژمار ده‌كرێت.

به‌ گوێره‌ی سه‌نته‌ری ئه‌مه‌ریكی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی و خۆپارێزی (سی دی سی)، له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ئاوڵه‌ی مه‌یموون له‌ مانگی ئایار/ مایۆی 2022 تا 22ی ته‌ممووز/ یۆلیۆی 2022، له‌ 74 وڵاتدا 16 هه‌زار و 836 كه‌س تووشی ئه‌و نه‌خۆشییه‌ بوون.

راج بنجابی، رێكخه‌ری كۆشكی سپی بۆ په‌تاكان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، به‌ هه‌ماهه‌نگی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ راگرتنی ته‌شه‌نه‌كردنی ئاوڵه‌ی مه‌یموون پێویستییه‌كی خێرایه‌، ده‌بێت پارێزگاری له‌ تووشبووانی نه‌خۆشییه‌كه‌ بكرێت و به‌سه‌ر په‌تاكه‌شدا زاڵ بین.

مایك راین، به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری به‌رنامه‌ی فریاگوزاری ته‌ندروستی له‌ رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی روونیكرده‌وه‌، داواكراوه‌ به‌په‌له‌ ده‌ست به‌ جووڵه‌بكرێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جار نییه‌، هیواخوازن ئه‌مه‌ ببێته‌ مایه‌ی كاركردنی به‌كۆمه‌ڵ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌.

پێشتریش گیبریسوس له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی لیژنه‌ی پسپۆڕه‌كان راگه‌یاندبوو، پێویسته‌ راسپارده‌كانیان بخه‌نه‌ڕوو، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، هێشتا له‌ ته‌شه‌نه‌كردنی نه‌خۆشییه‌كه‌ نیگه‌رانین، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر‌ له‌ هه‌ندێك ناو‌چه‌ش ته‌شه‌نه‌كردنی نه‌خۆشییه‌كه‌ كه‌می كردبێته‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی به‌رپرسیاریه‌تی خۆی له‌ راگه‌یاندنی باری له‌ناكاوی ته‌ندروستی گشتی خستووه‌ته‌ڕوو، ئه‌مه‌ش به‌رزترین ئاستی ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای راسپارده‌كانی لیژنه‌ی فریاكه‌وتن بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌.

نه‌خۆشی ڤایرۆسی مه‌یموون “monkeypox” “ئاوڵه‌ی مه‌یموون”، نه‌خۆشییه‌كه‌ی ده‌گمه‌نه‌، نیشانه‌كانی له‌سه‌ر پێست به‌دیارده‌كه‌وێت، به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر هه‌ردوو ده‌ست و ده‌موچاوی، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی سووك، تووشبووه‌كه‌ به‌ ژانه‌سه‌ر و تا و گرژبوونی ماسولكه‌كان و ئه‌ستووربوونی غوده‌كانی ده‌ناسرێته‌وه‌.

ئاوڵه‌ی مه‌یموون بۆ یه‌كه‌مجار له‌ساڵی 1970 تۆماركرا، له‌ ساڵی 1980 رێگه‌ له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی گیراو و كۆتایی به‌و نه‌خۆشییه‌ هات، دووباره‌ له‌ ساڵی 2021 سه‌ریهه‌ڵداوه‌، به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی، زۆربه‌ی تووشبووان‌ له‌ وڵاتانی رۆژئاوا له‌ ریزی هاوڕه‌گه‌زبازان تۆماركراوه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن،‌ ره‌نگه‌ ئه‌و ڤایرۆسه‌ له‌نێوان هاوڕه‌گه‌زبازان زیاتر ته‌شه‌نه‌ بكات.

نه‌خۆشییه‌كه‌ دوو جۆری سەرەکی هەیە، یەکەمیان جۆری کۆنگۆیە، کە مەترسیدارترە، رێژەی مردنی له‌و جۆره‌دا دەگاتە 10%، به‌ڵام جۆره‌كه‌ی دیكه‌ جۆری رۆژئاوای ئەفریقایە، کە رێژەی مردنی نزیکەی 1% ده‌بێت.

پەیوەندیدار