وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر سوكایەتی كردن بە پێشمەرگەیەك لەلایەن مەفرەزەیەكی حەشدی شەعبی هاتە دەنگ و داوا دەكات دەستبەجێ لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو پرسە بكرێت.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، لە روداوێكی نەخوازراودا مەفرەزەیەكی حەشدی شەعبی هەڵیان كوتاوەتە سەر “ئەیمەن عەبدی جاسم” پێشمەرگەی لیوای 9ی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، دوور لە هەموو عورف و یاسایەك، ئەم مەفرەزەیە زۆر بەشێوەیەكی ناشیرین سوكایەتیان بەو پێشمەرگەیە كردووە و كاری نەشیاویان بەرامبەر ئەنجام داوە.
رونیشكراوەتەوە، ئەم كردەوەیە جێگای قبوڵ كردن نیە، داوا لە هێزە ئەمنیەكانی كەركوك دەكەن دەستبەجێ لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم پرسە پێك بهێنن و تۆمەتباران دەستگیر بكرێن و روبەڕوی یاسایان بكەنەوە، بۆ ئەوەی هیچ كەس و لایەنێكی تر هەوڵ نەدات ئەم جۆرە كردەوە ناشیرنانە دوبارە بكاتەوە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، رۆژی شەممە پێشمەرگەیەكی كاكەیی لەلایەن مەفرەزەیەكەوە سوكایەتی پێكرا و بەشێك لە سمێڵی تاشرا، كە سمێڵ یەكێكە لە رەمزە دیارەكانی كاكەییەكان.