ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەرکۆنەی ‌هێرشەکەی زاخۆی لەلایەن تورکیاوە کرد


ئەنجوومەنی ئاسایش سەرکۆنەی تۆپبارانەکەی سنووری زاخۆی کرد و رایگەیاند، پاڵپشتیی دەسەڵاتدارانی عێراق دەکەن بۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداوە.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، “ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکەی رۆژی 20ی تەممووزی 2022ی پارێزگای دهۆک دەکەین. هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 9 کەسی سڤیل، لە نێویشیاندا منداڵ هەیە.”

ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش هاوسۆزی و هاوخەمیی قووڵی خۆیان بۆ خێزانی قوربانیان، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و هیوای چاکبوونەوەی خێرایان بۆ برینداران خواستووە، هاوکات پاڵپشتیی خۆیان بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق لە لێکۆڵینەوەکانیاندا دەربڕیوە.

ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە هەموو وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنەکە کردووە، “چالاکانە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بکەن بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو لێکۆڵینەوانە.”

هاوکات ئەنجوومەنی ئاسایش پاڵپشتیی خۆی بۆ سەبەخۆیی، سەروەری، سەلامەتیی خاک، پرۆسەی دیموکراسی و خۆشگوزەرانیی عێراق دەربڕیوە.

A: zozk

پەیوەندیدار