رۆژی دووشەممە، دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت بەهۆی نیگەرانی لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەم هەفتەیە لە ئەمریکا دابەزی.
نرخی نەوتی برێنت 48 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 102 دۆلار و 72 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیلێك نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 65 سەنت دابەزی و بە 94 دۆلار و 5 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بازرگانانی نەوت نیگەرانن کە ئەم هەفتەیە دوای ئەوەی بانکی ناوەندی سوودی بانکی بەرزکردەوە ببێتە هۆکار بۆ سستبوونەوەی بازاڕەکان و بەو هۆیەشەوە خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت کەمبێتەوە.
کاژۆهیۆ سایتۆ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (فۆجیتۆمی سیکیۆریتی)، رایگەیاند ” بازاڕی نەوت نیگەرانە کە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی ببێتە هۆکار بۆ دابەزاندنی گەشەی ئابووریی جیهان و کەمکردنەوەی خواست لەسەر نەوت.”
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی لیبیا دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی کەمی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕدا تاڕادەیەک قەرەبوو بکرێتەوە.
وەزارەتی نەوتی لیبیا رایگەیاندووە، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزدەکەنەوە بۆ رۆژانە 1 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل نەوت.