ئەنجومەنی دادوەری راگەیەندراوێکی لە بارەی دەستگیرکردنی باندێکی بازرگانی کردن بەجەستەی مرۆڤەوە بڵاوکردەوە کە دادورێك راستەوخۆ بەشداری دەستگیرکردنەکەی کردوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی دادوەری عێراق رایگەیاند: باندێکی بازرگانی کردن بە جەستەی مرۆڤەوە دەستگیرکراوە کە لەساڵی (2017)ەوە دامەزراوە و پێکهاتوە لە پێنج کەس و پێگەیەکی ئەلیکترۆنییان دروست کردوە و لەو رێگەیەوە مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی ئەندامی جەستەی مرۆڤییان کردوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو باندە کەوتونە ناو بۆسەیەکەوە کە دادوەرێک خۆی بەشداری پرۆسەکەی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان کردوە.
لە بارەی دان پێدانانی باندەکە ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەشڵێت: ئەو پێنج تۆمەتبارە دوای لێکۆڵینەوەی ورد دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و 250 نەشتەرگەریان ئەنجامداوە و فرۆشتنی گورچیەی مرۆڤ لە دیارترین ئەو ئەندامانە بوە کە بازرگانییان پێوە ئەنجامداوە.
لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا ئەنجومەنی دادوەری باسی لەوەشکردوە، سەرۆکی باندەکە لە دایکبوی 1972وە و ژنێکە لەگەڵ برایەکی و خوشکەزایەکی پێگەیەكی ئەلیکترۆنییان داناوە و لە فەیسبوکیش پەیجێکییان بە ناوی (گروپی بەخشینی گورچیلە لە عێراق) دروست کردوە و رۆڵی ئەو پەیجە هەماهەنگی بوە بۆ کڕین و فرۆشتنی گورچیلە، نرخی فرۆشتنی گورچیلە و نەشتەرگەرییەکەی لە نێوان 12 بۆ 21 ملیۆن دینار بوە.
ئاشکراشیکردوە: دو کەس لە ئەندامانی باندەکە فرۆشیاری گورچیەلەیان دەدۆزییەوە و بە دوای کڕیاردا دەگەڕان و دوای دۆزینەوەی کڕیار، گەشتێکی وڵاتی دراوسێی عێراقییان رێکدەخست و پێشەکی بەشێك لەو پارەیەیان بە فرۆشیار دەدا و دوای نەشتەرگەرییەکە پارەی تەواوی وەردەگرت.
A- zozk