ئەڵمانیا : بۆ یەکێتی ئەوروپا کۆتایی بە پشتبەستن بە گازی رووسیا بهێنن

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئانالینا بیربۆک رایگەیاند، پێویستە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا کۆتایی بە پشتبەستن بە نەوت و گازی رووسیا بهێنن.

ئانالینا بیربۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لەگەڵ هاوتا چیکییەکەی، یان لیپاڤیسکی، لە پراگ ئەنجامی دا، رایگەیاند “سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین وزە وەک چەکێک لە شەڕی دژبە ئۆکرانیا و رۆژئاوا بەکاردەهێنێت”.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی: “بۆیە زۆر گرنگە بۆ ئێمە کە دەستبەرداری پشتبەستن بە هاوردەکردنی سووتەمەنی بەردینی رووسیا ببین”، جەختی لەوە شکردەوە کە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا بەردەوام دەبن لە هەنگاونان بەرەو کۆتاییهێنان بە پشتن بە نەوت و گازی رووسیا.

بیربۆک هەروەها پێشوازیی کرد لەو رێککەوتنەی کە وەزیرانی وزەی یەکێتی ئەورووپا بۆ سنووردارکردنی بەکارهێنانی غاز لە سەرانسەری ئەورووپادا پێیگەیشتوون، بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ ئەگەری پچڕانی دابینکردنی گازی سرووشتیی لە وەزری زستاندا.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتیشی: “بەم رێگایە یەکڕیزی خۆمان دووپات دەکەینەوە و ئەوە نیشان دەدەین کە دابەش نابین”.

وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا رێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی خواست لەسەر گاز بە رێژەی لەسەدا ١٥ بەراورد بە تێکڕای بەکارهێنانی گاز لە پێنج ساڵی رابردوودا، لە نێوان ١ی ئابی ٢٠٢٢ تا ٣١ی ئازاری ٢٠٢٣.

پەیوەندیدار