بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.0 پلەی رێختەر باکووری فلیپینی هەژاند و پەیمانگەی بوومەلەرزەکانی ئەمریکا بە یەکێک لە تووندترین بوومەلەرزەکان لە نزیکەی دەیەی رابردوو پۆڵێنی کردووە.
رۆژی چوارشەممە،27-7-2022، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.0 پلەی رێختەر دوورگەی لوزون ـی باکووری فلیپینی هەژاند و وەزارەتی کاروبارە نائاساییەکانی فلیپین رایگەیاند، “تائێستا لانیکەم یەک کەس گیانی لەدەستداوە و دەیان کەسی دیکە بریندار بوون،” کە پێشبینی دەکرێت سەروو 60 کەس بن.
پەیمانگەی بوومەلەرزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، بوومەلەرزەکە لە کاژێر 12:43 خولەک بەکاتی ناوخۆیی و (3:43 بەرەبەیان بەکاتی هەولێر)، روویداوە و ناوچەی شاخاوی ئیبرا لە دوورگەی لوزونی باکووری فلیپینی گرتووەتەوە. راشیگەیاند، “شەپۆل و لەرزینی زەوی بۆ دووری 300 کیلۆمەتر رۆیشتووە و لە مانێلای پایتەختیش کە نزیکەی 290 کیلۆمەتر لە ناوەندی بوومەلەرزەکەوە دوورە، هەستی پێکراوە.”
دەیان هەزار کەس لە ماڵەکانیان چوونە دەروە و تیمەکانی فریاکەوتن دەستیان بە چۆڵکردنی ناوچەکانی دەوروبەری شوێنی بوومەلەرزەکە کرد؛ هەروەها سەرجەم هێڵەکانی گواستنەوە لە پاس، مێترۆ، ترام و شەمەندەفەر راگیران و ئەو رێگە سەرەکییانەی کە بەرەو ناوچەکانی باکووری وڵات دەچن، داخران.
ئەوە لە کاتێكدایە ناوەندی کەشناسیی فلیپین پێشبینی بوومەلەرزەی دیکەی کردووە و داوای لە خەڵک کردووە نەگەڕێنەوە ماڵەکانیان تاوەکو راگەیێندراوی فەرمی لەو بارەیەوە رادەگەیێندرێت.
فلیپین لە کیشوەری ئاسیایە و دەکەوێتە سەر هێڵی بوومەلەرزە کە بە “پشتێنی ئاگری” ناسراوە.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2013 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.1 دوورگەی بوهول-ی هەژاند کە بەهۆیەوە زیاتر لە 200 کەس گیانیان لەدەستدا و سەرووی 400 هەزار کەسیش ئاوارە بوون.