وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی دوو سەربازی وڵاتەکەی لە باکووری سووریا راگەیاند.
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، دوو سەربازی سوپاکەی بە ناوەکانی مەرت ئۆتال و مەولوود یۆغورتچو لە باکووری سووریا، لەو ناوچەیەی تورکیا بە قەڵخانی فورات ناوی دەبات، کراونەتە ئامانج. دوای برینداربوونیان سەربازەکان گەیێندراونەتە نەخۆشخانە و دواتر گیانیان لەدەستداوە.
تورکیا رایگەیاندووە، ئەو دوو سەربازە بە تەقەی یەکینەکانی پاراستنی گەل – یەپەگە – پێکراون. تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمی لەمبارەیەوە لەلایەن یەپەگەوە بڵاونەکراوەتەوە.
تورکیا سێ جار لەڕێی ئۆپەراسیۆنەوە و بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی چووەتە نێو خاکی سووریا. ئابی 2016 سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی “قەڵخانی فورات”ـی لە دیوی بەشی باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا بەرەو باکووری سووریا دەستپێکرد و ناوچەکانی ئەلباب، راعی و عەززازی سەر بە پارێزگای حەلەبی کۆنترۆڵکردن. تورکیا باسی لەوەکرد کە ئۆپەراسیۆنەکەی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا کردووە.