جێنین پلاسخارت، نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق رایگەیاند، هێرشەکانی دهۆک بێ باکییەکی شۆکهێنەرە بۆ گیانی خەڵکی مەدەنی و بۆ ستانداردە نێودەوڵەتیەکان و مافەکانی مرۆڤ، لە هێرشەکاندا پاراستنی گیانی هاوڵاتیان رەچاونەکراوە، دەشڵێت،”عێراق داوای کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکەکەی دەکات”.
ێنین پلاسخار، نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق لە میانەی وتارێکدا کە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشکەشی کرد رایگەیاند،” مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی تایبەتی سەبارەت بە هێرشەکەی دو هەفتەی رابردوی سەر دهۆک پێکهێناوە، بەرپرسیارێتی روداوەکەیان خستوەتە ئەستۆی تورکیا، گەریلاکانی پەکەکەش رەتیانکردوەتەوە هێرشەکە لەلایەن ئەوانەوە ئەنجامدرابێت
ئاماژەی بەوەشکردوە،”عێراق ئەم کێشەیەی هێناوەتە ئەنجومەنی ئاسایش، ئەوان داوای کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە وڵاتەکەیان دەکەن”.
لە درێژەی وتارەکەیدا پلاسخارت وتی،”ئەم هێرشانە بێ باکییەکی شۆکهێنەرە بۆ گیانی خەڵکی مەدەنی و بۆ ستانداردە نێودەوڵەتیەکان و مافەکانی مرۆڤ، لە هێرشەکاندا پاراستنی گیانی هاوڵاتیان رەچاونەکراوە
لە کۆتایی وتارەکەشیدا ئاشکرایکرد، عێراق رەتیدەکاتەوە خاکەکەی وەک گۆڕەپانێک بۆ ململانێ دەرەکی و هەرێمییەکان سەیربکرێت، کە تێیدا وڵاتانی دراوسێ یان هەر لایەنێکی دیکە، پێشێلی سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەی بکەن، زۆر گرنگە هەمو هێرشەکان بۆسەر خاکی عێراق بوەستێن، ئەم پێشێلکارییانە نەک تەنیا بێباکانە گرژییە نێوخۆیی و هەرێمییەکان زیاددەکەن، بەڵکو هەروەکو بینیمان، دەبنە هۆکاری روداوی مرۆیی گەورە”.
دو هەفتە لەمەوبەر هێزەکانی تورکیا تۆپبارانی سەیرانگەی پەرخیان لە سنوری پارێزگای دهۆک کرد و لەئەنجامدا نۆ کەس گیانیان لەدەستدا و 26 کەسیش برینداربون، لەگەڵ کاردانەوە و ناڕەزایەتییەکان دژی ئەو کردەوەیە، هەر زو حکومەتی عێراق داوای کۆبونەوەیەکی بەپەلەی لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد، بەیانی ئەمڕۆش کۆبونەوەکە بە ئامادەبونی فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەستیپێکرد