یەکێتیی ئەورووپا سزاکانی سەر رووسیا بۆ شەش مانگی دیکە درێژ دەكــاتەوە

یەکێتیی ئەوروپا بڕیاریدا ئەو سزا ئابووریانەی کە بەسەر رووسیادا سەپێندرابوو بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژبکاتەوە.

ئه‌نجوومه‌نی ئه‌ورووپا له‌ رایگەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە “بڕیاردراوە سزا ئابوورییەکانی سەر رووسیا تا ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ درێژ بكرێته‌وه‌”.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە سەپاندنی سزای ئابوورییەکان بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٤ بە بیانووی ناسەقامگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن رووسیا، دەستی پێکردووە.

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە كه‌ مه‌ودای سەپاندنی سزاکان له‌ مانگی شوباتی رابردووه‌وه‌ به‌ هێرشی رووسیا بۆسه‌ر ئۆكرانیا فراوانتر بووه‌.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، سزاكان لەئێستادا فراوانتر بوونە و بوارەکانیی دارایی، وزە، پیشەسازیی، گواستنەوە، تەكنەلۆژیا و كەلوپەلی گرانبەها دەگرێتەوە.

دوای سەرهەڵدانی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا لە شوباتی رابردوو، یەکێتی ئەورووپا حەوت پاکێجی سزای بەسەر مۆسکۆدا سەپاند کە بەپێی سزاکان رێگریی دەکرێت لە هاوردەکردنی زێڕ و نەوت و خەڵوز لە رووسیاوە، هەروەها ژمارەیەک بانکەکانی رووسیا لە سیستەمی پارەدانی جیهانی “SWIFT” دەرکران.

پەیوەندیدار