سەرۆکایەتی ئەرکانی ھێزەکانی ٧٠ رایدەگەیەنێت، پیلانێکیان بۆ کردنە ئامانجی کێڵگەی غازی کۆرمۆر پوچەڵکردوەتەوە و دەستیش بەسەر موشەکەکاندا گیراوە.
سەرۆکایەتی ئەرکانی ھێزەکانی حەفتا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی چەند جارێک بە موشەک کێڵگەی کۆرمۆر کرایە ئامانج، دەستبەجێ ھێزەکانیان دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوە و پشکینین و گەڕان لە ناوچەکە، بە تایبەتیش ئەو سنورانەی کە لە بۆشایی ئەمنیدان، دوای گەڕان و بەدواداچوونی ورد لە ٢٥ی ئەم مانگەش، لێکۆڵینەوەکان چڕترکراونەتەوە و سەرئەنجام ھێزێکی لیوای ١٦ دوای پشتبەستن بە زانیاری ھەواڵگری و وەرگرتنی رەزامەندی سەرۆکایەتی ئەرکانی ھێزەکانی حەفتا، ئۆپراسیۆنێکیان ئەنجامداوە و توانیویانە بگەنە ئەو ئامانجەی کە شوێنی تەقاندنی موشەکەکان بووە
ئاشکراشیکردووە، موشەکەکان لەسەر ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیا جێگیر کرابوون و بەشێوەیەکی دەستکرد ئامادەکراون تا جارێکی تر لە ھەمانی بارگەڵگرەوە کۆرمۆر بکرێتەوە ئامانج، بەڵام توانیویانە پیلانەکە پوچەڵبکەنەوە و دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێل و موشەکەکاندا گیراوە.