باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا راگەیێندراوێکی لەبارەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەمڕۆی بەغدا بڵاوکردەوە و دەڵێت: “لە نزیکەوە چاودێریی ئاڵۆزییەکان دەکەین و داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەین دان بەخۆیاندابگرن و لە تووندوتیژی دووربکەونەوە.”
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: مافی خۆپێشاندانی ئاشتییانە و ئازادیی رادەربڕین هەڵقوڵاوی دەستووری عێراقە، بەڵام جەختدەکاتەوە کە خۆپێشاندانەکان بە ئاشتییانە بەڕێوەبچن و هەروەها لایەنە سیاسییەکانیش بەشێوەیەکی ئاشتییانە ناکۆکییەکانیان چارەسەربکەن.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەڵێت، نیگەرانین لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی تووندوتیژییەکان، ئەمە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، تائێستا لانیکەم 125 کەس لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەمڕۆی بەغدا برینداربوون.
ئەمڕۆ لایەنگرانى رەوتى سەدر لە بەغدا خۆپێشاندانیان دژى بەربژێرکردنى محەممەد شیاع سوودانی بۆ پۆستى سەرۆکوەزیرانی وڵات لە لایەن هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگییەوە دەستپێکرد و چوونە نێو هۆڵى پەرلەمانى عێراق. خۆپێشاندەران مانگرتنیان راگەیاندووە و دەڵێن، “چاوەڕێی فەرمانین لە موقتەدا سەدر، تاوەکو فەرمانمان پێ نەکرێت لە پەرلەمان ناکشێینەوە”.
لە خۆپێشاندانەکەدا 125 کەس برینداربوون کە 100 کەسیان هاووڵاتی سڤیل بوون و 25 کەسەکەی دیکەشیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بوون.
دەقی راگەیێندراوی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا:
لەنزیکەوە چاودێری ئاڵۆزییەکانی ئەمڕۆی بەغدا دەکەین و نیگەرانیشین لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی بەکارهێنانی تووندوتیژی. مافی خۆپێشاندانی ئاشتییانە و ئازادیی رادەربڕین هەڵقوڵاوی دەستووری عێراقە. داوای خۆمان دەخەینە پاڵ داوای هەموو لایەنەکان لە تەواوی پێکهاتەی سیاسی عێراق بۆ دان بەخۆداگرتن و دوورکەوتنەوە لە تووندوتیژی و هەروەها چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکانیان لە رێگەی پرۆسەی ئاشتییانەی پشتئەستوور بە دەستووری عێراق.
A- zozk