وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ئەڵمانیا لە ئیستەنبووڵ کۆبوونەوە و چەند پرسێکیان تاوتوێکرد، لەوانەش هەڕەشەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازی بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، چالاکییەکانی پەکەکە لە ئەڵمانیا، مافی مرۆڤ لە تورکیا و گرژییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان.
هەڕەشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان
تەوەرێکی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەی وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ئەڵمانیا پەیوەندی بەو هەڕەشانەوە هەبوو کە نزیکەی دوو مانگە بەرپرسانی تورکیا دەیانکەن و دەڵێن، پلانیان هەیە هێرش بکەنە سەر رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
لەو بارەوە ئانالینا بایربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی، هەر ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازیی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە “دەبێتە هۆی زیادبوونی مەینەتیی خەڵک” و یارمەتیدەری رێکخراوی داعشیش دەبێت.
تورکیا لە ساڵی 2016ـەوە سێ ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ نێو خاکی سووریا و رۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە. دووانیان بۆسەر رۆژئاوای کوردستان بوون کە لە ساڵانی 2018 و 2019دا بوون بۆسەر هەرێمی عەفرین و ناوچەی سەرێ کانی. نزیکەی دوو مانگیشە بەرپرسانی باڵای تورکیا هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی نوێ دەکەن و گوتوویانە ئامانجەکەیان تلڕەفعەت و منبجە.
یەپەگە پێکهێنەرێکی سەرەکیی هەسەدەیە و تورکیاش دەڵێت، یەپەگە باڵی چەکداریی سووریای پەکەکەیە. هەربۆیە بەشێکی گوتەکانی چاوشئۆغلوش لەبارەی چالاکییەکانی پەکەکە بوو لە ئەڵمانیا.
مەولوود چاوشئۆغلو لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی: “نیگەرانییەکانی تورکیامان لەبارەی چالاکییەکانی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لەنێو ئەڵمانیا بە وەزیری دەرەوە گەیاند و چاوەڕوانی هەنگاوی کۆنکرێتییان لێدەکەین”.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش وەڵامی هاوشانە تورکییەکەی دایەوە و گوتی، بەرلین بەو جۆرە مامەڵە دەکات کە پەکەکە رێکخراوێکی “تیرۆریستییە”.
راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵگریی نێوخۆیی ئەڵمانی بی ئێف ڤی ئاماژە بەوە دەکات، ساڵی رابردوو پەکەکە زیاتر لە 30 ملیۆن یۆرۆی لە ئەوروپا لەڕێگەی کامپەینەکانی تایبەت بە کۆکردنەوەی پارەوە کۆکردووەتەوە و 16.7 ملیۆنی لە ئەڵمانیا بووە.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، پێویستە حکومەتەکانی ئەوروپا لەوانەش حکومەتی ئەڵمانیا کاری جیددی بکەن بۆ نەهێشتنی ئەو چالاکییانە.
A- Zozk