چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە هاوڵاتییانی عێراقی کرد کە لەخۆپیشاندانەکانی بەغدا چوونە ناو ناوچەی سەوز و هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی پەرلەمان، خۆپیشاندانی ئاشتیانە ئەنجام بدەن. هاوکات، “داوا لە لەلایەنگرانی دەکات دژی سەدر خۆپیشاندان ئەنجام بدەن”.
ئەمرۆ شەممە، چوارچێوەی هەماهەنگی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، “بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێری بۆ ئەو رووداوە نەخوازراوانە دەکەین کە لەم رۆژانەدا لە بەغدای پایتەخت روودەدەن”.
ئاماژەی بەوەشداوە، دەستدرێژیکردنە سەر دامەزراوە دەستوورییەکان و هەڵکوتانە سەر پەرلەمان و هەڕەشەی هێرشکردنە سەر دەسەڵاتی دادوەری و هێرشکردنە سەر بارەگا فەرمی و دەزگا ئەمنییەکان نیگەرانی کردووین”.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، چوارچێوەی هەماهەنگیی داوا لە گەلی عێراق دەکات خۆپیشاندان دژ بەو خۆپیشاندەرانەوە ئەنجام بدەن کە چوونەتە ناو ناوچەی سەوز و باڵەخانەی پەرلەمانەوە.
هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، “لە کاتێکدا کە داوای دانبەخۆگرتن و ئەوپەڕی سەبر و ئامادەكاریی دەكەین، داوا لە گەلی عێراق دەكەین كە باوەڕیان بە یاسا و دەستوور و شەرعییەتی دەستووریی هەیە، بۆ بەرگریكردن لە دەوڵەت و شەرعییەتەکەی و دامودەزگاكانی لە سەروویانە دەسەڵاتی دادوەریی و یاسادانان، خۆپیشاندانی ئاشتیانە ئەنجام بدەن و لە بەرامبەر ئەو سەرپێچیە مەترسیدارە و لە یاسا و عورف و شەریعەت دەرچوو، بووەستنەوە”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، “لایەنە سیاسییەکانی پشت ئەم پەرەسەندن و سەرپێچیانەی دژبە دەوڵەت و دامەزراوەکانی بە بەرپرسیاری تەواو دەزانین لەوەی کە رەنگە لە ئەنجامی ئەم کردەوە نایاساییانەدا بەسەر ئاشتی مەدەنیدا بێت”.
لە راگەیەنراوەکەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا هاتووە، دەوڵەت و شەرعییەتەکەی و دامەزراوە دەستوورییەکانی و ئاشتی مەدەنی هێڵی سوورن و هەموو عێراقییەکان ئامادەن بە هەموو شێوازێکی ئاشتیانە بەرگریی لێ بکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ شەممە لایەنگرانی سەرکردەی رەوتی سەدر لە دژی کاندیدکردنی “محەمەد شیاع سودانی” بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، بۆ جاری دووەم لە ماوەی هەفتەیەکدا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و چوونە ناو ناوچەی سەوز و هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی پەرلەمان.
پێشتریش، عەمار حەکیم سەرکردەی رەوتی حیکمە لە وتارێکیدا بە بۆنەی هاتنی مانگی موحەرەم رایگەیاند، کاندیدکردنی “محەمەد شیاع سودانی” بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لە لایەن چوارچێوەی هەماهەنگیەوە بڕیارێکی عێراقیە و بە بێ دەستتێوەردانی دەرەکی دراوە؛ دوای ئەوەش بەشێک لە لایەنگرانی سەدر لە بەغدا هێرشیان کردە سەر بارەگای رەوتی حیکمە و وێنەی موقتەدا سەدر رێبەری روتی سەدریان لەسەر باڵەخانەکە دانا.
A- zozk