ھەدەپە خۆپیشاندانی فراوانی جەماوەری لە ئیستەنبوڵ ئەنجامدەدات

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، بە دروشمی “چارەسەری لە لای ئێمەیە و نابۆ داگیرکاری” رۆژی 7ی ئاب لە ناوچەی کارتاڵی ئیستانبوڵ گردبونەوەیەکی فراوان ساز دەکەن و تیایدا سیاسەتی ئێستای حکومەت رەتدەکەنەوە کە بە هێزی سەربازی هەوڵ دەدات خۆی لە قەیرانەکان بشارێتەوە.

ئیلکنور بیرۆل، هاوسەرۆکی هەدەپەی ئیستانبوڵ لە پەیامێکدا باسی لەوەشکردوە، سیاسەتی ئێستای حکومەت کە ئاکپارتی و مەهەپە پێکهێنەرین، وڵاتیان خستوەتە “ئەم دۆخەوە بە هێزی سەربازی و داگیرکاری هەوڵ دەدات خۆی لە قەیرانەکان رزگار بکات. ئێمە بەردەوام دەڵێین کە ئەم سیاسەتانەی دەسەڵات قەبوڵ ناکەین، بۆیە بەم گردبونەوەی نیشانی دەدەین کە رێگەی چارەسەری لەلای ئێمەیە. لەم سەردەمەدا ئەوەی وتنەکەی دژوارترینە ئاشتییە. بەڵام ئاشتی پێویستترین قسەیە کە دەبێت بکرێت. ئیتر کەس بەرگەی روداوەکانی وەک کۆمەڵکوژی زاخۆ و هێرشەکانی سەر رۆژئاوا و باشور ناگرێت. بەو گردبونەوەی کە دەیکەین دەڵیین کە ئێمە چارەسەرین”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، حکومەتی تورکیا “ژینگە تاڵان دەکات، قەیوم لە بری نوێنەرانی گەلی کورد دادەنێن. دەیانەوێت هەناسەی هەدەپە ببڕن. دو ساڵە بە دۆزی کۆبانێ دەیانەوێت پارتەکە لە دەرەوە سیاسەت بهێڵنەوە. ئێمە وەک گەلی کورد، رەنجدەران، کرێکاران و هەمو گەلانی بەرەوڕوی گوشار دەبێت لە دژی ئەو بیرکردنەوەیە دەنگمان بەرزبکەینەوە.”

هاوسەرۆکی هەدەپەی ئیستانبوڵ ئەوەشی خستوەتەڕو، هەدەپە لە وڵاتەکەدا خاوەن رۆڵیکی گرنگە. سیاسەت بە بێ هەدەپە واتای نیە، “وەرن ئێمە پێکەوە سیاسەتێکی واتادار بەرێوە ببەین کە کاتژمێر 5:00ی ئێوارەی 7ی ئاب لە گۆڕەپانی گردبونەوەی کارتاڵ دەستپێدەکات”.

A: zozk

پەیوەندیدار