سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان : به‌ نیگه‌رانییه‌كی قوڵه‌وه‌ له‌ دۆخی سیاسیی عێراق و پێشهاته‌كانی ده‌ڕوانين

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌په‌یامێكدا له‌باره‌ی دۆخی سیاسی عێراق رایگه‌یاند، به‌ نیگه‌رانییه‌كی قوڵه‌وه‌ له‌ دۆخی سیاسیی عێراق و پێشهاته‌كانی ده‌ڕوانن، داوا له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ ناكۆكه‌كان ده‌كه‌ن ئه‌وپه‌ڕی دان به‌ خۆیاندا بگرن و بۆ چارسه‌ركردنی كێشه‌كان گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆ ده‌ستپێبكه‌ن، ده‌شڵێت، “لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق بانگهێشت ده‌كه‌ین بێن له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی دوه‌میان ده‌ست به‌ گفتوگۆیه‌كی كراوه‌ی كۆكه‌ره‌وه‌‌ بكه‌ن”.

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ په‌یامێكدا بڵاویكرده‌وه‌، “به‌ نیگه‌رانییه‌كی قوڵه‌وه‌ له‌ دۆخی سیاسیی عێراق و پێشهاته‌كانی ده‌ڕوانین، داوا له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ ناكۆكه‌كان ده‌كه‌ین ئه‌وپه‌ڕی دان به‌ خۆیاندا بگرن و بۆ چارسه‌ركردنی كێشه‌كان گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆ ده‌ستپێ بكه‌ن، له‌م دۆخه‌ هه‌ستیاره‌دا ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخه‌كه‌، ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاسایش و سه‌قامگیریی وڵات ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، له‌ كاتێكدا ڕێز له‌ خواستی خۆپیشاندانی ئاشتیانه‌ی جه‌ماوه‌ر ده‌گرین، جه‌خت له‌ پاراستنی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و ئاسایش و سه‌ر و ماڵی هاوڵاتییان و كارمه‌ندانی ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌، گه‌لی عێراق شایانی ژیان و ئێستا و داهاتویه‌كی باشتره‌ و ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیی هاوبه‌شی هه‌مو هێز و لایه‌نه‌كانه‌ پێكه‌وه‌ عێراق له‌م دۆخه‌ هه‌ستیار و مه‌ترسیداره‌ ده‌رباز بكه‌ن.

نێچیرڤان بارزانی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت، “هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ به‌شێك ده‌بێت له‌ چاره‌سه‌ر، بۆیه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی عێراق بانگهێشت ده‌كه‌ین بێن له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی دوه‌میان ده‌ست به‌ گفتوگۆیه‌كی كراوه‌ی كۆكه‌ره‌وه‌‌ بكه‌ن و له‌ سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی وڵات بگه‌نه‌ لێكگه‌یشتن و ڕێككه‌وتن. هیچ كێشه‌یه‌ك نییه‌ به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت”

پەیوەندیدار