ئێران: وردی چاودێریی دۆخی عێراق دەکەین

وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، بە وردی و هەستیارییەوە چاودێریی دۆخی ئێستای عێراق دەکەن، جەختدەکاتەوە گفتوگۆ باشترین ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی عێراق.

لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەیدا ناسر کەنغان وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، “عێراق وڵاتێکی گەورەیە و دراوسێیەکی گرنگە بۆمان بۆیە سروشتییە بە وردی و هەستیارییەوە چاودێریی دۆخی ئێستای ئەو وڵاتە بکەین”.

وتیشی، ئێران جەخت لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەکاتەوە وەک وڵاتێکی برا و دراوسێ، سەقامگیری و ئاسایشی عێراق پەیوەستە بە سەقامگیری و ئاسایشی ئێران و ناوچەکە، گرنگی بە گۆرانکاریی و کێشەکانی دەدەین.

باسی لەوەشکرد، ئەو گۆڕانکارییانەی ئێستا لە عێراق هەن پەیوەندییان بە ناکۆکییە سیاسییەکانەوە هەیە، ئێران وەک بابەتێکی ناوخۆیی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، کە لایەن و حزبە عێراقییەکان دەتوانن بە پێی دەستوور و یاسا چارەسەری بکەن.

ئاماژەی بەوەکرد، گرنگە عێراقییەکان بەشێوازێکی ئاشتییانە ئەو قەیرانە تێپەڕێنن، داواشیکرد هەوڵبدرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە هاریکاری گەشەپێدان و بوژانەوەی عێراق بکات.

پەیوەندیدار