رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا دواین زانیاری لەبارەی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەوە دەخاتەڕوو دەڵێت، “دوابەدوای ئەوەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە رێکەوتی 2ی 5ـی 2022، لە راگەیاندنێکدا هەواڵی دەستبەسەرکرانی ژمارەیەک لە ئەندامانی خۆی لە ناوچەی سۆماوبرادۆست لە پارێزگای ورمی بڵاوکردەوە، رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وردەکاری زیاتر لەم بارەوە بڵاودەکاتەوە.”
بەپێی راپۆرتێک کە لەم بارەوە بە رێکخراوی هانا گەیشتووە، ناوی ئەو ئەندامانەی کۆمەڵە کە دەستگیرکراون پێکهاتووە لە، ” پژمان فاتحی خەڵکی کامێران، وەفا ئازەربار خەڵکی بۆکان، موحسین مەعروفی خەڵکی مەهاباد و هەژیر فەرامەرزی خەڵکی دێولان.”
بەپێی راپۆرتەکە، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو پێشمەرگانە، هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر بارودۆخ و شوێنی بەندکردنیان لەبەردەستدا نییە و لە هەموو مافێکی سەرەتایی و ئینسانی بێ بەشن.
سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئەو پێشمەرگانە، ئیتلاعاتی حکومەتی ئیسلامی ئێران رۆژی شەممە لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی تیمێکی 10 کەسی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە “بە مەبەستی هاوکاری لەگەڵ ئیسڕائیل بەتەمای کاری خراپکارانە بوون و دوای ئەمەش،لە راگەیاندراوێکی دیکەدا دەڵێت: “ئەندامانی ئەو تیمە سەر بە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئیران بوون و هاوکاری ئیسڕائیلن.”
لای خۆشیەوە بەرپرسانی کۆمەڵە جەختدەکەنەوە لەوەی، ” ئەو قسانە سیناریۆی ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران”ـە و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ کۆمەڵە “دوورن لە راستی و هەڵبەستراون.” هەروەها عەبدوڵڵا ئازەربار، ئەندامی سیاسی کۆمەڵە ئاشکرایکردووە، ئەم ئەندامانەی کۆمەڵە بێ چەک بوون و بە مەبەستی چالاکی “سیاسی و تەشکیلاتی و رێکخستن” رەوانەی کوردستانی ئێران کرابوون.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا، رێکخراوی مافی مرڤی هانا دەڵێت، “رەفتاری حکومەتی ئێران لەگەڵ بەندکراوان روون و ئاشکرایە، بەردەوام بە زەبری ئەشکەنجە و ئازار بەندکراوان ناچاری بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراون. دەشڵێت، ئەوپەری نیگەرانی خۆمان دەردەبرین.
دووپاتی دەکاتەوە کە، “هەر لەم رێگایەوە جارێکی دیکە داوا لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ناوەندە نێونەتەوەییەکان دەکەین چاودێری ووردی کەیسی دەستگیرکردنی ئەم چالاکە سیاسییانە بکەن و چاوەڕوانیمان ئەوەیە بە هەوڵ و بەشداری ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ئەم بابەتە پڕۆسەیەکی دادپەروەرانە بەخۆیەوە بگرێ.”