زیاتر لە 100 پەرلەمانتار و سیناتۆری فەرەنسی داوای پاراستی رۆژئاوای کوردستان دەکەن

102 پەرلەمانتار و سیناتۆری فەرەنسی، سیاسەتەکانی سەرۆک کۆماری تورکیایان بەرامبەر بە رۆژئاوای کوردستان ئیدانە کرد و لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا نووسیان: پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دان بە خودموختاری کوردەکان لە سوریا بنێت.

بەیاننامەی هاوبەشی ئەو پەرلەمانتار و سێناتۆرانە، رۆژی شەممە لە ماڵپەڕی هەفتەنامەی “ژۆرنال دو دیمانش”ـدا، بڵاو کرایەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، لە کاتێکدا کە چاوی وڵاتانی جیهان لەسەر “تاوانەکانی رووسیا لە ئۆکرانیایە، رەجەب تەیب ئەردۆغان دەیەوێت هێرشێکی خوێناوی بۆ سەر کوردانی باکووری سووریا بکات”.

زۆربەی ئەو کەسانەی بەیاننامەکەیان ئیمزا کردووە، سەر بە حزبەکانی چەپ و سەوزی فەرەنسان، بەڵام هەندێ نوێنەری سەر بە کۆمارییەکان و حزبەکەی ئێمانوێل مەکرۆنیشی تێدایە.

پەرلەمانتاران و سیناتۆرەکانی فەرەنسی، رایانگەیاندووە کە ئەردۆغان، پێگەی تورکیای وەک ئەندامی ناتۆ و دۆستایەتی خۆی لەگەڵ مۆسکۆ و کیێڤی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی ناتۆ، پێش لە توندترکردنی هێرشەکانی بۆ سەر باکووی سووریا نەگرێت.

ئەوان دووپاتیان کردووەتەوە، “وڵاتانی رۆژئاوایی نابێت چاوپۆشی لەوە بکەن و داوا لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەورووپا دەکەین، پاراستنی چالاکان و ئەنجوومەنی کوردان لە ئەورووپا، گەرەنتی بکەن”.

ئەو پەرلەمانتار و سێناتۆرانە، داوایان لە حکومەتی فەرەنسا کردووە، “بەمەبەستی دەرکردنی بڕیاری ناوچەی دژەفڕین لە باکووری سووریا و چاودێری و پشتگیری نێودەوڵەتی لە کوردانی سووریا، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەڵەتی هەنگاو بنێت.”

بەفەرمی ناساینی “ئیدارەی خودموختاری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا” لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، داوایەکی دیکەی ئەو 102 پەرلەمانتار و سێناتۆرانەی فەرەنسایە.

سەرۆک کۆماری تورکیا، بەمدواییانە چەندین جار هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان کردووە.

پەیوەندیدار