نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە لە هەولێر ئاشكرا كرا

نرخی هەر ئەمپێرێكی كارەبای مۆلیدە لە هەولێر بۆ مانگی پێشوو، لەنێوان 17 بۆ 20 هەزار دینارە. بەرپرسی مۆلیدە ئەهلییەكانیش ئاماژە بەوە دەكات، كارەبای كەمتر دراوە، بەڵام نرخی گاز گران بووە.
ئەندازیار قارەمان مەولوود، لێپرسراوی لێژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر، ڕایگەیاند: “نرخ و کرێی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بۆ مانگی حەوت بۆ هەر ئەمپێرێك لەنێوان 16هەزار و 500 دینار بۆ 20 هەزار دینارە”.
مانگی شەش نرخی یەک ئەمپێر کارەبای مۆلیدەی ئەهلی لە هەولێر، لەنێوان 17 هەزار و 500 بۆ 19هەزار و 500 دینار بوو.
لەلایەكی دیكەوە، مانگی شەش بەتێكڕا مۆلیدەكانی هەولێر 320 كاتژمێر كارەبایان داوە، بەڵام بۆ مانگی حەوت پێدانی كارەبایان كەمتر بووە، لەگەڵ ئەوەشدا نرخەكە زیاتر بووە.
قارەمان مەولوود دووپاتی كردەوە، كە مانگی پێشوو مۆلیدە كەمتر كارەبایان داوە و كارەبای نیشتمانی زیاتر بووە، بەڵام بەهۆی گرانیی گاز نرخەكە زیاتر بووە، گوتیشی: “مانگی شەش لیتری گاز بە 850 دینار بوو، بەڵام مانگی حەوت لیتری بە هەزار بۆ هەزار و 10 دینار بووە، ئەوەش وای كردووە پارەكە زیاد بێت”.
دوێنێ دووشەممە، لە ڕاگەیاندراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بڵاوی کردەوە: “نرخی یەك ئەمپێر كاره‌با لەنێوان 16 بۆ 17 هه‌زار و 500 دیناردا دەبێت و نرخی ئەمپێرێكیش لە گەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی دیكه‌ جیاوازە و به‌پێی‌ ئه‌و پێوه‌ره‌ هه‌ژمار ده‌كرێت، كه‌ بۆ مۆلیده‌كان داندراوه‌ و كاتژمێری كاركردنیان تۆمار ده‌كات”.

A- zozk

پەیوەندیدار