بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ئاوڵەی مهیموون دۆخی لەناکاو لە ویلایەتەکانی کالیفۆرنیا و ئیلینۆیزی ئەمریکا راگەیەندرا.
فەرمانڕەوای ویلایەتی کالیفۆرنیا، گاڤین نیوسەم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی خێرا تەشەنەسەندنی پەتای ئاوڵەی مهیموون، دوای راگەیاندنی دۆخی لەناکاو لە شاری سان فرانسیسکۆ، دۆخی لە ناکاو لە سەرانسەری ویلایەتەکە راگەیەندراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە:
وەکو بەشێک لە هەوڵەکانی ویلایەتەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای ئاوڵەی مهیموون کە هێشتا بەردەوامە و بۆ پاڵپشتییکردنی هەوڵەکانی کوتان دۆخی لەناکاو راگەیەندراوە”.
نیوسەم راشیگەیاند بۆ درووستکردنی جیاوازی لە دابینکردنی ڤاکسینی زیاتر و کەمکردنەوەی مەترسی، بەردەوام دەبن لە کارکردن لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی.
کاربەدەستانی تەندروستیی کالیفۆرنیا، تۆمارکردنی نزیکەی ٨٠٠ حاڵەتی تووشبوون بە ئاوڵەی مهیموونیان راگەیاند.
- ئیلینۆیز سێیەم ویلایەتە
ویلایەتی ئیلینۆیز-یش چووە ریزی ویلایەتەکانی نیویۆرک و کالیفۆرنیا کە لە ئەمریکا ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ئاوڵەی مهیموون تێیدا بەرزبووەتەوە و دۆخی لەناکاوی تێدا راگەیەندراوە.
فەرمانڕەوای ویلایەتی ئیلینۆیز، جەی رۆبێرت پریتزکەر سەبارەت بە بڕیاری دۆخی لەناکاو رایگەیاند: “بۆ رێگرتن لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە پێویستە سەرجەم سەرچاوە تەندروستییە گشتییەکان بخەینە ئامادەباشییەوە بەشێوەیەک دەسەڵاتی تەواو دەداتە بەشی تەندروستیی گشتی لە ویلایەتەکە کە ڤاکسین دابەش بکەن و زانیاریی پێویست لەسەر ڤایرۆسەکە بە خەڵک بدەن”.
لە ئەمریکا بۆ یەکەم جار لە ٣٠ی تەمووز بەهۆی بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ئاوڵەی مهیموون لە ویلایەتی نیویۆرک و شاری سان فرانسیسکۆ دۆخی لەناکاو راگەیەندرابوو.