بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی جیهانی نەوت، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ١٠٠ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت بەمەش نرخەکەی بەراورد بە دوێنێ دابەزیووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی جیهانی نەوت نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکی بە ٩٤ دۆلار و یەک سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، دوێنێ بانکی ناوەندی ئەمریکا رێژەی سووی سەر دراوی دۆلاری بە رێژەی ٧٥ خاڵ بەرزکردەوە و بەهای دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕە جیهانییەکاندا دابەزی و نەوت و زێڕ بەرزبووەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتە زیاتر لە ١٣٠ دۆلار و دواتریش دابەزییەوە خوارەوە بەهۆی زیادبوونی ئەگەرەکانی رێککەوتنی ئاشتی لە نێوان روسیا و ئۆکرانیا، بەڵام بەراورد بە ساڵانی پێشوو نرخەکەی لەبەرزیدایە و بەردەوام سەرووی ١٠٠ دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
لەسەرەتای دەستپێکی هێرشەکانی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا بەهۆی زیادبوونی سزاکانی وڵاتان لەسەر روسیا و کەمبوونی دابینکردنی نەوت لە بازاڕەکاندا نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاستی لەماوەی ١٤ ساڵی رابردووی خۆیدا.
بەگوێرەی پێشبینییەکان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو، خواست لەسەر نەوت زیاد دەکات و بۆ ٩٦ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز دەبێتەوە.