داوای دەستپێکردنی دانوستان لەلایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکات و دەڵێت، گەلی عێراق پێویستی بە خزمەتگوزاری و چاکسازیی ئابوورییە.
نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق “یۆنامی” لە تویتێکدا رایگەیاند، لە ماوەی رابردوودا داوای گفتوگۆی جدیانکردووە لەنێوان لایەنە سیاسیەکانی عێراق، بەڵام ئێستا ئەو گفتوگۆکردنە زۆر لە پێشوو پێویسترن و ھەنگاونەنان بەرەوپێشەوە کاریگەری ھەبووە لەسەر متمانەی گەل و ئەوەش بە روونی دەرکەوتووە.
راشیگەیاندووە، ھیچ لایەن و گرووپێک ناتوانێت خۆی لەم رەوشە بێبەری بکات، چونکە رۆژ بەرۆژ رەوشی عێراق بەرەو ناسەقامگیری دەڕوات و لەکۆتایشدا ھەمووان باجەکەی دەدەن، ھەربۆیە یۆنامی پێشوازی لە گفتوگۆیەکی نیشتمانی دەکات.
دەشڵێت پێویستە بەزووترین کات چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە، چونکە گەلی عێراق پێویستی بە ناکۆکی و رووبەڕووبوونەوەی بەردەوام نییە، بەڵکو پێویستی بەچارەسەر و چاکسازی ئابووری و خزمەتگوزاری و دەرھێنانی وڵات لە قەیرانی سیاسی ھەیە.