تەنھا لەبەر سەردانی تایوان نییە.
نانسی بیلوسی ناوێکە لەلای چینییەکان لەمێژە ناسراوە،نەک لەبەر ئەوەی بەم دواییانە سەردانی تایوانی کرد و ئەمەش بووە ھۆکاری توڕە بوونی پەکین.
لە چوارشەممەی ڕابردوودا سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا تایوان-ی جێھێشت و کۆتایی ھێنا بە سەردانەکەی،بێگومان پەکین پێی وایە کە تایوان بەشێکی دا نەبڕاوە لە خاکی چین.
ئەم سەردانە بووە ھۆی پەنگخواردنەوەی ھەناسەکانی خەڵک لە جیھاندا، ئەوەش لە ترسی ئەوەی پێشھاتێک درووست بکات کە ئەنجامەکەی بە خراپ بشکێتەوە، بەڵام ئەوە ڕووی نەدا لە نێوان چین و ئەمریکادا.
پێش سەردانەکە و کاتی سەردان و پاش سەردانەکە بەرپرسە چینییەکان تیری ڕەخنەکانیان ئاڕاستەی بیلوسی کرد ، بەوە تاوان باریان کرد کە سەروەری نیشتیمانی چینییەکانی پێشێل کردووە و بەمەش شۆکێکی گەورەی بۆ پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمریکا درووست کردووە.
ئەم ڕەخنانەی چین لە بەرامبەر بیلوسی شتێکی نوێ نییە بەتایبەتیش کە بیلوسی خاوەنی بیرۆکەی ئەو تانەو ڕەخنانە بوە کە ئاڕاستەی چین کراوە لە ماوەی زیاتر لە 30 ساڵی رابردو
تۆماری ئەو ڕەخنانە بۆ ساڵی 1989 دەگەڕێتەوە.
تۆڕی ھەواڵی سی ئێن بی سی ئەمریکی دەڵێت کە بیلوسی لە چین زۆر ناسراوە و مێژوویەکی دوور و درێژی ھەیە لە ڕەخنەگرتن لە حیزبی شیوعی چینی حوکمڕان کە مێژووەکەی بۆ ساڵی 1989 دەگەڕێتەوە، ئەوکات لە گۆڕەپانی(تیانانمن) لە پەکینی پایتەخت ناڕەزایەتییەکان دژی چین سەری ھەڵدا.
ساڵی 1991 بیلوسی سەردانی ئەو گۆڕەپانەی کرد لەگەڵ دوو کەس لە ھاوڕێکانی ، ئەوکات بیلوسی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بوو لەسەر پشکی ولایەتی کالیفۆڕنیا و لەو گۆڕەپانەدا ھەستا بە یاد کردنەوەی ڕۆژی نا ڕەزایەتییەکان و دروشمی بەرز کردەوە بۆ بەرز ڕاگرتنی گیان بەخت کردوانی ئەو ڕوداوە.
بیلوسی ئەوکات یەکێک بوو لەو ئەندام ئەنجومەنانەی کە لەگەڵ ئەوەبوو بڕیارێک دەر بچێت دژ بە مامەڵەی خراپی ھێزە سەربازیەکانی چین لەو ڕووداوەدا.
ھەر لەو کاتەدا پۆلیسی چینی بەخێرایی کاردانەوەی خۆیان ھەبوو ھەر زوو گۆڕەپانەکەیان داخست ، دوای چەند کاژێرێکیش وەزارەتی دەرەوەی چین بەیاننامەیەکی دەرکرد و سەرکۆنەی ھەڵسووکەوتەکەی بیلوسی تیادا کرابوو وە بە گاڵتە جاری ناوی ھێنابوو.
ئەم ڕووداوەش بووە ھۆکاری دروست بوونی ئاستەنگی و سەر ئێشە بۆ ڕۆژنامە نووسان ، لەناو ئەوانیشدا بەڕێوبەری نووسینگەی تۆڕی سی ئێن ئێن —ی ئەمریکی لە پەکین لەو کاتەدا (مایک تیچینیۆ) وە دەست گیر کرا بەھۆکاری ئەوەی بە کامێراکەی چەند دیمەنێکی ئەو ڕووداوانەی وێنە گرتبوو ، تیچینیۆ لەو بارەیەوە لە وتارێکیدا بۆ گۆڤاری (فۆڕین پۆلیسی) دەڵێت نەیزانیوە کە بیلوسی نەخشەی بۆچی کێشاوە و ئەم تەنھا دیمەنەکانی تۆمار کردووە بەھۆی ئەمەشەوە بۆ ماوەی چەند کاژێرێک دەستگیر کرا.
بیلوسی لە یادی ماوە..
بیلوسی وێڕای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ ئەو چرکە ساتانەی لە یاد نەچۆتەوە و لەپێگەی تایبەتی خۆی لە توویتەر ساڵی 2019 تۆمارێکی ڤیدیۆیی کۆنی دابەزاندووە وەک بەڵگە نامەیەک بۆ ئەو قۆناغە و بە تایبەتیش بەرزکردنەوەی دروشمەکە لەسەر پارچە قوماشێکی ڕەش و لەسەری نوسراوە بۆ ھەموو ئەوانەی لەپێناوی دیموکراسی دا لە چین گیانیان بەخت کردووە.
لە ساڵی 2002 شدا بیلوسی چوار نامەی ئاڕاستەی جێگری سەرۆکی ئەوسای چین( ھوجینتاو)کرد تیایدا نا ئارمی خۆی نیشانداوە لەبەرامبەر گرتن و ڕاوەدونانی چالاکوانان لە چین و تبت دا ،وە داوای کردووە ئازادیان بکەن ، ئەم ھەڵسووکەوتەش بۆ چینییەکان بێزارکەر بوو ، بەر پرسە چینییەکە لەو کاتەدا قبوڵکردنی نامەکەی ڕەت کردەوە.
دوای حەوت ساڵ بیلوسی دیسان ھەوڵەکانی خۆی دووبارە کردەوە ، ئەمجارەیان جیناتۆ بوبووە سەرۆکی چین ، ئەوکاتیش داوای کردبوو چالاک وانە سیاسییەکان ئازاد بکرێن.
تەنانەت لە یارییە ئۆڵۆمپیەکانیشدا
لە ساڵی 1993وە بیلوسی دژ بە ھەموو ھەوڵەکانی چین وەستایەوە بۆ بەدەست ھێنانی میوان داری کردنی یاریەکانی ئۆڵۆمپیات لەسەر بنەمای پێشێل کاری مافەکانی مرۆڤ کە بانگەشەی بۆ دەکرد ھەتا ئەو کاتەی لە ساڵی 2008 چین توانی ڕەزامەندی بۆ میواندارییەکە بەدەست بێنێت لەو کاتەدا ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران نەیتوانی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا جۆرج بۆشی کوڕ ڕازی بکا بەوەی کە نەچێتە ئاھەنگی دەستپێکی کردنەوەی ئۆڵۆمپیادەکە.
سەرباری بڵاوکراوە فەرمیە ئاگرینەکانی چین، ڕۆژنامەی گڵۆباڵ تایمزی چینی کە بەزمانی ئینگلیزی بڵاو دەکرێتەوە پێش سەردانەکەی بیلوسی بۆ تایوان نوسیویەتی سیاسەتی ئەمریکا سیاسەتێکی ڕەفتار سەیر و ڕەگەز پەرستانەیە و گوێ بە کەسانی تر نادات.
نوسیویشێتی کە بیلوسی خواستێکی بەھێزی ھەیە لە گۆڕینی سیاسەتی چەسپاوی کۆشکی سپی دا لە بەرامبەر چین ، بەتایبەتیش لەوەی پەیوەندی ھەیە بە تایوان-ەوە ھەر بەگەیشتنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا نانسی بیلوسی بە تایوان، سوپای چین دەست بەجێ مانۆڕێکی سەربازی ئەنجام دا لە دەوروو بەری ئەو دورگەیەو وەڵامی ئەوەشی دایەوە کە چین توانای ھەیە ئاسایشی خۆی بپارێزێت ئەمەش دەرگای ئاوەڵا کرد بۆ ئەوەی ھەلی پێکدادان کراوە بێت.
ڕۆژی سێ شەممە سوپای چینی مانۆڕێکی سەربازی سنورداری ئەنجام داو خۆشی بۆ مانۆڕی تر ئامادە کرد، لەبەرامبەریشدا سوپای تایوان لەکاردانەوەیدا وتی کە چین ھەوڵ دەدات ھەڕەشە لە بەندەرەکانمان و شارە سەرەکییەکانمان بکات ئەوانیش لای خۆیانەوە جەختیان لەوە کردەوە کە لە توانای تایواندا ھەیە ئاسایشی خۆیان بپارێزن .
فڕۆکە جەنگیەکانی چین(35-su) گەرووی تایوانیان بەزاند ، لە بەرامبەریشدا تۆپ خانەکانی تایوان چەند گوللەیەکی ئاگادار کردنەوەیان تەقاند.
ھاوکات ئاژانسی ھەواڵەکانی چین ناسراو بە (شینخوا)وێنەیەکی بڵاو کردەوە کە تیایدا دیارە چۆن سوپای چین بەدەوری تایواندا بڵاو بونەتەوە لە ھەموو لایەکەوە.
واشیان نیشان دا کە مانۆڕەکانیان لە دەورو بەری تایوان بەردەوام دەبێت.
سوپای چین:
بە پێی ئاژانسی گڵۆباڵ فایەر پاوەر-ی ئەمەریکی ئەوا سوپای چین بە پلەی سێیەم دێت لە نێوان بەھێزترین 139 سوپای جیھان بەپێی ئاماری 2021.
سوپای چینی توانایەکی سەبازی بێ شوماری ھەیە ، لە دیارترینیان زیاتر 3.3 ملیۆن سەربازی ھەیە،617ملیۆن کەسی تریشی بۆ سەربازی دەست دەدەن ، ھەموو ساڵێکیش 20 ملیۆن کەس دەگەنە تەمەنی سەربازی.
ھەرچی پەیوەندی بە کەشتی گەلیشەوە ھەیە ئەوا لە ئاستی جیھان لە پلەی یەکەمدایە بە 777 یەکەی دەریایی ، بەڵام ھێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە لە پلەی سێیەم دایە لەسەر ئاستی جیھان بە 3260 فڕۆکە ، سەرباری ھێزی وشکانی کە بریتییە لە ھەزارەھا تانک و تۆپخانە و ڕاجیمە و موشەک و ھەزارەھا زریپۆش .
ڕاپۆرتە سەربازییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چین خاوەنی 350 کڵاوەی ئەتۆمییە لەگەڵ ئەوەشدا 204 موشەک ھاوێژی دوور مەودای ھەیە کە لەسەر بنکەی زەمینییەوە دەھاوێژرێن و 48 ژێر دەریایی ھەیە،خاوەنی 20 بۆمبی ڕاکێشەرە (جاذبیە)کە لە فڕۆکەوە فڕێ دەدرێتە خوارەوە وێڕای ھەزارەھا موشەکی کیشوەر بڕ .
سوپای چینی بەردەوامیشە لە نوێکردنەوەی ھێزەکانی وەک ھەوڵێک بۆ تێپەڕاندنی باڵا دەستی تەکنەلۆجیای ئەمریکی بەپێی ئاماژەکانی پەنتاگۆن ساڵی پار فڕۆکەیەکی نوێی سەروو دەنگی بەرھەمھێناوە کە لەتوانایدایە بە چوار دەوری زەویدا بخولێتەوە بە خێراییەک کە زیاتر لە 6000 ھەزار کیلۆ مەتر لە کاژێرێکدا ببڕێت ئەمەش جۆرە چەکێکە کە پێدەچێت تا ئێستا واشنتۆن نەیبێت.
سوپای تایوان:
لەبەرامبەردا سوپای تایوان لەسەر ئاستی جیھان لە پلەی 22 دایە خاوەنی 1.8ملیۆن سەربازە و ساڵانە 300 هەزار کەس دەگەنە تەمەنی سەربازی.
سوپای ئاسمانی تایوان لەپلەی 14 دایە لەسەر ئاستی جیھان بە 739 فڕۆکە،ھاوکات لەڕووی کەشتی گەلی دەریایەوە لەپلەی 22 دایە بە 117 یەکەی دەریایی.
ھەر وەک چۆن ھێزە ئاسمانییەکانیان سەرقاڵی ئەوەن تاکۆتایی ساڵی 2026 ، 66 فڕۆکە درووست بکەن لە جۆری (ئای تی فایف بریف ئیگڵ)کە لەسەروو ھەموو تواناکانەوەیە ئەمەش کۆمپانیایەکی حکومی ناوخۆیی پێی ھەڵ دەستێ.
ھێزە چەکدارەکانی تایوان بەزۆری پشت دەبەستن بە جبەخانەی ئەمەریکی بەڵام سەرکۆمارە ژنەکەیان (تسای ئینگ -ۆن) گرنگی دەدات بە پێش خستنی پیشەسازی بەرگری نیشتیمانی .
ھاوکات ھەرچی پەیوەندی بەھێزی وشکانییەوە ھەیە ئەوان خاوەنی زیاتر لە 1100 تانک و ھەزارەھا زریپۆشن ، سەرەڕای بوونی تۆپ خانەی مەیدانی و جوڵە گەڕۆک ھەروەھا نۆ ڕاجیمەی مووشەکیان ھەیە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان تایوان دەزانێ لە توانای خۆیاندا نییە خۆیان لە بەرامبەر سوپای چینیدا ڕابگرن، بۆیە پشت دەبەستن بە تاکتیکی جەنگی کە بریتییە لە نا ناوەندێتی پەیوەندی و بەکارھێنانی جبە خانەی سەربازی گەڕۆک بەجۆرێک بە ئاسانی بتوانرێت لەکاتی جەنگدا بیشارنەوە.
سکای نیوز
وەرگێرانی بەختیار مستەفا