بە فەرمی رۆما بە خواستن بۆ ساڵێک و مافی کڕینەوە گرێبەستی لەگەڵ فینالدۆم ئیمزا کرد.
یانەی رۆمای ئیتاڵی لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا بلاویکردەوە کە بە خواستن و بۆ ماوەی یەک ساڵ گرێبەستیان لەگەڵ جۆرجینیۆ فینالدۆمی هۆڵەندی و یانەی پاریس سان جێرمان ئیمزا کردووە.
یانەکە ئاشکرایکردووە، فینالدۆم دوای تێپەراندنی پشکنینە پزیشکییەکان گرێبەستەکەی لەگەڵیاندا ئیمزا کردووە و دوای تەواوبونی ماوەی خواستنەکەشی مافی کڕینەوەی ئەو یاریزانەیان هەیە.
رۆژنامەکانیش رایانگەیاندوە، یاریزانە هۆڵەندیەکە بەرامبەر بڕی هەشت ملیۆن یۆرۆ چوەتە یانە ئیتاڵیەکە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە درێسی ژمارە 25 دەپۆشێت لەگەڵ ئەو یانەیەدا.
فینالدۆم رایگەیاند، هەستێکی زۆر تایبەتی هەیە و سوپاسی ئەو پێشوازیەی هاندەرانی یانەکەی دەکات و بەڵێنیدا هەموو کارێک بکات تا ببێتە هاوکاری یانەکە.
دەشڵێت، پرسیاری لە محەمەد سەڵاح و کیڤن سترۆتمان کردووە دەربارەی ژیانی ڕۆما، بە تایبەت کە ئەو دووانە پێشتر لە ساڵانی ڕابردوودا نوێنەرایەتی گورگەکانیان کردووە.
لە کۆتاییدا وتی: هەموو ئەو کەسانەی قسەم لەگەڵ کردون پێیان وتم کە ئەوە هەنگاوێکی باش بوو لە ژیانی وەرزشیمدا، کاتێک بینیم ئەو هەوڵەی یانەکە داوە بۆ گرێبەستکردنم، تێگەیشتم کە بەڕاستی دەمەوێت پەیوەندییان پێوە بکەم.