حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان هەڵوێستی خۆی لەبارەی زیندانیكردنی رۆژنامەنووسان و چالاكوانان ڕاگەیاند

لقی هەولێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە یاننامەیەكی سەبارەت بە زیندانی کردنی ڕۆژنامەنوسان و چاڵاکوانانی مەدەنی لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە بڵاوكردەوە و رایدەگەیەنێت، پەنا بردن بۆ توند و تیژی و زیندانی کردن هیچ دەرئەنجامێکی باشی نابێت.


ئەمەش دەقەكەیەتی:

بەداخەوە دوێنێ ئێوارە ٦-٨-٢٠٢٢ هێزەکانی ئاسایش لەشاری هەولێر هەڵمەتێکیان دەست پێکرد، چەندین ڕۆژنامەنووس و چاڵاکوانی مەدەنی دەستگیرکرد بەبیانوی نەبونی مۆڵەتی خۆپیشاندان و نانەوەی ئاژاوە و تێکدانی ئاسایشی گشتی، ئەوە لەکاتێکدایە خەڵکی کوردستان بەدەست چەندین کێشەی وەک نەبونی (ئاو و کارەبا و گرانی خۆراک و خراپی کوالێتی بەنزین) و هەروەها دانەمەزراندنی هەزاران گەنج و لاوی دەرچوی کۆلێژ و پەیمانگاکان و نەبونی کار بۆ کرێکاران و کاسبکاران، سەرەڕای نەبونی دیموکراسی و دادپەروەری لە کۆمەڵگای کوردستاندا و هەبونی گەندەڵی و دەست بەسەرداگرتنی قوت و داهاتی ئەم میللەتە لە لایەن هەردوو حزبی دەسەڵاتدار.
ئێمە وەک (لقی هەولێر) ی (حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان) سەرکۆنەی ئەم کردەوانە دەکەین دژ بە ڕۆژنامەنوسان و چاڵاکوانانی مەدەنی، بەتایبەت کە عێراق و کوردستان بەدۆخێکی زۆر مەترسیدار تێپەڕ دەبێت.
هەروەها هەڕەشەی هەریەکە لە وڵاتانی داگیرکەری تورکیا و ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان بەردەوامی هەیە.
پێویستە دەسەڵات ئەوە بزانێ کە بە دیموکراسی و دادپەروەری ووڵات بەڕێوە دەچێت، پەنا بردن بۆ توند و تیژی و زیندانی کردن هیچ دەرئەنجامێکی باشی نابێت و هەرێمی کوردستان لە ئاستی و دەولی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نێو دەوڵەتی پێگەی لاواز دەبێت و دەخرێتە ژێر پرسیار.

لقی هەولێری
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
٧-٨-٢٠٢٢

پەیوەندیدار