تەندروستیی کەرتی غەززە رایگەیاند ژمارەی ئەوانەی بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە بۆ 32 کەس بەرزبووەتەوە، کە شەشیان منداڵن. هاوکات، ئیسرائیل بۆردوومانەکانی بۆسەر کەرتی غەززە چڕتر دەکاتەوە و ئۆپەراسیۆنێکی بۆ دەستگیرکردنی “ئەندامانی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی” دەستپێکردووە.
رۆژی یەکشەممە 7ی ئابی 2022 بەرپرسانی تەندروستی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بزووتنەوەی حەماس لە فەلەستین رایانگەیاند، لە رۆژی هەینییەوە کە بۆردوومانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە دەستیپێکردووە، تاوەکو ئێستا شەش منداڵ بەهۆی هێرشەکانەوە گیانیان لەدەستداوە و بە شێوەیەکی گشتیش، 253 کەس لە فەلەستین برینداربوون.
لای خۆیەوە، ئیسرائیل دەڵێت، بەڵگەیان لایە کە “مووشەکێکی لە رێڕەو دەرچوو”ی چەکدارانی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک منداڵ لە ناوچەی جەبەلیەی باکووری کەرتی غەززە، بەڵام هیچ ئامارێک بۆ ژمارەی ئەو منداڵانەی گیانیان لەدەستداوە لەو ناوچەیە بڵاونەکراوەتەوە.
هەر رۆژی یەکشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، 20 ئەندامی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیی لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە کەرتی رۆژئاوا دەستگیرکردووە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە رۆژی شەممە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، 19 ئەندامی بزووتنەوەکەیان دەستگیرکردووە.
“سەرکردایەتیی سەرایا قودسمان بە تەواوەتی لەنێوبردووە”
رۆژی شەممە، ئۆدێد باسیۆک، بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند لە دوو رۆژی رابردوودا “سەرکردایەتیی پێشکەوتوو”ی باڵی سەربازیی جیهادی ئیسلامی کە سەرایا قودسە، “بە تەواوەتی لەنێوبردووە.”
یەکێک لەو سەرکردانەی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی کە رۆژی هەینی بە ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل کوژرا، تەیسیر ئەلجەباری بوو کە فەرماندەیەکی باڵای بزووتنەوەکە بوو. دواتر رۆژی شەممە، بزووتنەوەکە کوژرانی خالید مەنسووری پشتڕاستکردەوە کە ئەویش فەرماندەیەکی بزووتنەوەکە بوو و بەگوێرەی بزووتنەوەکە، لە هێرشێکی ئیسرائیلدا لە ناوچەی رەفحی باشووری غەززە کوژراوە.
بەگوێرەی وەزارەتی نێوخۆی کەرتی غەززە، لە هێرشەکەی رەفحدا هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە، کە یەکێکیان منداڵ بووە.
ژیانی رۆژانەی خەڵکی لە کەرتی غەززە پەکی کەوتووە؛ لەدوای ئەوەی ئیسرائیل سنوورەکەی داخست، بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبا لە غەززە رایگەیاند، بەهۆی کەمیی سووتەمەنییەوە، تاکە وێستگەی کارەبا لەکارکەوتووە. لای خۆشیەوە، وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە رایگەیاند، کاژێرەکانی داهاتوو “زۆر گرنگ دەبن” و هۆشداریی دا لەوەی کە لە ماوەی 72 کاژێری داهاتوودا خزمەتگوزارییە گرنگەکان بەهۆی نەبوونی کارەباوە پەکدەکەون.
ئهمریكا پشتیوانی بۆ ئیسرائیل دهردهبڕێت
وهزارهتی دهرهوهی ئهمریكا ئهمڕۆ شهممه ڕایگهیاند، واشنتن پشتیوانی له مافی ئیسرائیل دهكات بۆ بهرگریكردن له خۆی، پێویسته لایهنهكانیش خۆیان له هێرشی موشهكی بۆسهر تهلئهبیب بهدوربگرن.
تۆم نایدس باڵیۆزی ئهمریكا له ئیسرائیل و دیپلۆماتكاری باڵای وهزارهتی دهرهوهی ئهمریكا، له تویتێكدا له ههژماری تایبهتی خۆی ڕایگهیاندوه، “ئهمریكا به توندی پێی وایه ئیسرائیل مافی خۆپاراستنی ههیه، ئێمه مامهڵه لهگهڵ لایهنه جیاوازهكان دهكهین و داوا له ههموان دهكهین ئارام بگرن”.
شەڕەکە چۆن دەستیپێکرد؟
شەڕەکە رۆژی هەینی دەستیپێکرد کاتێک فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل یەکەیەکی نیشتەجێبوونیان لە کەرتی غەززە بۆردوومان کرد، کە لە ئەنجامدا 10 کەس کوژران، لەنێویاندا منداڵێکی پێنج ساڵان هەبوو.
سوپای ئیسرائیل گوتی لەو هێرشەدا سەرکردەیەکی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامییان بە ئامانجکردووە. بزووتنەوە فەلەستینییەکە کوژرانی سەرکردەکەی پشتڕاستکردەوە و لە تۆڵەی هێرشەکەدا، دەستی بە مووشەکبارانکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل کرد و لانیکەم 120 مووشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کرد. دواتریش فڕۆکەکانی لایەنی بەرامبەر بۆردوومانەکانیان بۆسەر کەرتی غەززە فراوان کرد.
ئەم تەنگەژەی کەرتی غەززە لە جەنگی پارساڵەوە کە بووە هۆی تاڕاددەیەک وێرانکردنی ئەو کەرتە، کە ماڵی 2.3 ملیۆن فەلەستینییە، بە خراپترین گرژیی ناوچەکە دادەنرێت. هاوکات واشیکردووە بەشێکی ئیسرائیلییەکان لەبەر هێرشی مووشەکیی هێزە چەکدارە فەلەستینییەکان نەتوانن لە شوێنە گشتییەکان بسووڕێنەوە و لە پەناگەکاندا خۆیان حەشاربدەن.
پێشتر لە ماوەی هەفتەی رابردوودا سوپای ئیسرائیل هۆشداریی لەبارەی دوایین ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و تۆپهاوێژییەکەی لە دژی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی دابوو، بەڵام عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر رایگەیاند، قاهیرە لەگەڵ هەردوولا لەسەر هێڵە بۆئەوەی گرژییەکان کەم بکەنەوە.
هەرچی ئیسرائیلە، دەڵێت، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە پێویستییەکە لە دژی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی. ئەوەش بەهۆی ئەوەبوو کە ئیسرائیل بزووتنەوەکەی بە پلاندانان بۆ ئەنجامدانی چەند هێرشێک لەسەر سنووری نێوان غەززە و ئیسرائیل تۆمەتبار کرد.
بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیی فەلەستین
بزووتنەوەکە لە ساڵی 1981دا لەلایەن کۆمەڵێک قوتابی لە میسر دامەزراوە. ئێستا زیاد نەخالە سەرکردایەتیی بزووتنەوەکە دەکات. سەرایا قودس کە ئیسرائیل بانگەشەی لەنێوبردنی سەرکردایەتیی دەکات، باڵی سەربازیی بزووتنەوەکەیە. بنکەی سەرەکیی بزووتنەوەکە لە کەرتی غەززەی فەلەستینە. ئامانجی سەرەکیی بزووتنەوەکە، دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینە. بزووتنەوەکە سیاسەتی دوو دەوڵەت رەتدەکاتەوە، ئەو پێیوایە کە تەنیا فەلەستین دەبێت ببێتە وڵات و دانپێدانانی ئیسرائیل و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسییی فەلەستیندا بەهەموو شێوەیەک رەتدەکاتەوە، بەڵکو باوەڕی بە شۆڕشی چەکدارییە و هەموو هەوڵێکیش بۆ رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل رەتدەکاتەوە. شەریعەتی ئیسلام بۆ بەڕێوەبردنی وڵات وەکو بەرنامەی کاری دەبینێت.
بزووتنەوەکە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت. هاوکات لە لیستی تیرۆری یەکێتیی ئەوروپا، کەنەدا و بەریتانیادایە. دوای رووداوەکانی 11ـی سێپتێمبەر خرایە لیستی تیرۆری ئەمریکاش. خۆیان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە 8 هەزار چەکداری هەبێت، بەڵام بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا، ژمارەیان هەزار چەکدارە. بزووتنەوەکە لە رێگەی باڵە سەربازییەکەیەوە ئۆپەراسیۆنەکانی لە هەریەکە لە غەززە، ئیسرائیل، کەرتی رۆژئاوا، سووریا و لوبنان ئەنجامدەدات.