ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی جیھادی ئیسلامی جێبەجێ کرا

رێکەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی جیھادی ئیسلامی فەڵەستین کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

لە سەعات ١١:٣٠ خولەکی دوێنێ شەو بە کاتی قودس ، ئاگربەستی نێوان بزوتنەوەی جیھادی ئیسلامی فەڵەستین و ئیسرائیل بە نێوەندگیری میسر کەوتۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە. ئەو رێکەوتنە دوای ٣ رۆژ لە بەردەوامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە دێت، کە بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، بەھۆی بۆردومانەکانەوە ٤٤ کەس کوژراون کە ١٥یان منداڵە، ژمارەی بریندارەکانیش بۆ ٣٦٠ کەس بەرزبۆتەوە.

(جۆ بایدن) سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا پێشوازی لەو ئاگربەستە کردو سوپاسی (عەبدولفەتاح سیسی) سەرۆکی میسری کرد، کە رۆڵێکی گەورەی لە گەیشتن بەو رێکەوتنە ھەبووە.

بایدن وتی، لە ماوەی ٧٢ سەعاتی رابردودا لەگەڵ لێپرسراوانی ناوچەکە کاریان کردووە بۆ ئەوەی ئاڵۆزییەکان کەمبێتەوە و بگەنە چارەسەر. پشتیوانی خۆشی بۆ ئیسرائیل دوپاتکردەوە لە بەرگری کردن لە خۆی دژی ھەر ھێرش و پەلامارێک.

پەیوەندیدار