سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا وەڵامی داواکارییەکانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدری دایەوە و هەمووی رەتکردەوە. مالیکی لایەنگرانی سەدری بە پشێوینانەوە و “زێدەڕۆکاران” ناوهێنا و گوتی، “نە پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە و نە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت تاوەکو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەست بە کۆبوونەوەکانی نەکات.”
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە ساڵڕۆژی کوژرانی ئیمام حوسێنی کوڕی عەلی کوڕی ئەبو تالیب لە گوتارێکی ڤیدیۆیدا کە ماوەکەی کەمتر لە هەشت خولەک بوو، سەرجەم داواکارییەکانی موقتەدا سەدری نەیارە سەرسەختەکەی رەتکردەوە کە پێش پێنج رۆژ لەمەوبەر داوایکردبوون.
دوای بەشە ئاینییەکەی گوتارەکەی، نووری مالیکی بەرگریی لە گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین کرد و ئیسرائیلی بە “دەوڵەتی بەنی سەهیۆن” ناوبرد، کە بە قسەی ئەو لەبەردەم هێرشەکانی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی چۆکی داداوە.
نووری مالیکی کە لەدوای دەنگە دزەپێکراوەکانی لە مانگی رابردوودا و خۆپێشاندانەکانی لایەنگرانی رەوتی سەدر لە کۆتاییەکانی مانگی رابردووەوە، یەکەمجارە گوتاری ڤیدیۆیی پێشکێش دەکات، ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان ئەمڕۆ لە عێراق دەبێت هەستانەوەی حوسێن بقۆزنەوە بۆئەوەی لەبەرەی ئەودا خۆڕاگر بمێننەوە لەپێناو بەهێز مانەوەی عێراق.
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گوتیشی، “یەکڕیزی، هێڵی حوسێنییە و رەتکردنەوەی پشێوی و لەدەستدەرچوون و وەستانەوە بەڕووی زێدەڕۆکاران و خۆڕاگری تاوەکو سەرکەوتن یان شەهادەت هێڵی حوسەینییە.”
لەبارەی داواکارییەکانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، کە زیاتر لە هەفتەیەک دەبێت لایەنگرانی چوونەتە نێو پەرلەمانی عێراق و داوای چاکسازی و رەتکردنەوەی محەممەد شیاع سوودانی، بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکەن، نووری مالیکی بە راشکاوی هەمووی رەتکردەوە و گوتی، “عێراق وڵاتی پێکهاتەکانە، گەلەکەی لە پێکهاتە و مەزهەب و نەتەوەکان پێکدێت، ناکرێت هیچ ئیرادەیەکی بەسەردا بسەپێندرێت، تەنیا ئیرادەی تەواوی گەل نەبێت و لەڕێگەی دامەزراوە دەستوورییەکانیەوە کە ئەنجوومەنی نوێنەرانی هەڵبژێردراو نوێنەرایەتیی دەکات، پەرلەمان هەڵناوەشێتەوە و سیستم ناگۆڕێت و هەڵبژاردنی پێشوەختەش ناکرێت، تەنیا بە دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نەبێت، ئەو گفتوگۆی ئەو داواکارییانە دەکات و هەر بڕیارێک بدات جێبەجێی دەکەین.”
نووری مالیکی لە کاتێکدا داوای کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکات، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بووەتە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی و رژدن لەسەر پێکهێنانی حکومەت، رۆژی 3ی ئابیش موقتەدا سەدر لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد کە پێچەوانەی نووری مالیکی، بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییش هاوسۆزییان لەگەڵ داواکارییەکەیدا نیشاندا.
قسەکانی مالیکی دوای ئەوە دێت کە رۆژی 15ی حوزەیرانی 2022، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر کە داوای پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانیی دەکرد، پەرلەمانتارانی لە پەرلەمان کشاندەوە و خۆیشی لە پرۆسەی سیاسی کشایەوە.
رۆژی 25ی تەممووز، چوارچێوەی هاوئاهەنگی محەممەد شیاع سوودانیی وەکو بەربژێری خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ناساند، بەڵام سەدرییەکان رەتیانکردەوە و لە 30ی تەممووزەوە لە پەرلەمانن.
رۆژی 10ی ئۆکتۆبەری 2021، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، دوای نزیکەی 10 مانگ هێشتا ناکۆکیی لایەنە شیعەکان نەیهێشتووە حکومەتی نوێ پێکبهێندرێت.




