نرخی نەوت دابەزی

دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت دابەزی. هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت بۆ پێشکەوتنی دانوستاندنەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوایی دەگەڕێتەوە لەسەر زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی 2015ی ئەو وڵاتە.

بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 9-8-2022 ، نرخی نەوتی برێنت 27 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 96 دۆلار و 38 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساس 24 سەنت دابەزی و بە 90 دۆلار و 52 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

بانکی ANZ ی ئوسترالی رایگەیاند، ئەگەری رێککەوتنی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانانی نەوت خۆیان بۆ گەڕانەوەی نەوتی ئێران ئامادە بکەن.

یەکێتیی ئەوروپا درەنگانی رۆژی دووشەممە تێکستی کۆتایی رێککەوتنەکەی بۆ ئێران و واشنتن ناردووە و چاوەڕێی وەڵامی ئەو دوو لایەنە دەکەن.

بەرپرسێکی ئەوروپی رایگەیاندووە، ئەگەرێکی بەهێزە لە ماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا ئەو رێککەوتنە پەسەندبکرێت.

ڤیڤیک زەهر، شارەزای بانکی کۆمن وێلس رایگەیاند، ئێران توانای هەیە هەناردەکردنی نەوتی خۆی رۆژانە تاوەکو 1 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت زیادبکاتە کە دەکاتە 1.5٪ ی کۆی ئەو نەوتەی کە رۆژانە لە جیهاندا بەکاردەهێنرێت.

پەیوەندیدار