بانکی ناوەندی عێراق: یەدەگی داراییمان گەیشتووەتە ٨٢ ملیار دۆلار


بانکی ناوەندیی عێراق رایدەگەیێنێت، یەدەگی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ 82 ملیار دۆلار زیادیکردووە، ئەوەش هەمان ئاستی پێش سەردەمی شەڕی داعشە. لە یەدەگی زێڕیشدا عێراق 10 پلە هاتووەتە پێشەوە، ئێستا 130 تۆن یەدەگی زێڕی هەیە.

عومەر عاسم، گوتەبێژی بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، یەدەگی بانکی ناوەندیی عێراق گەیشتووەتە 82 ملیار دۆلار، چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بگاتە 90 ملیار دۆلار.

ئەم زیادبوونەی یەدەگی دراوی بانکی ناوەندی دوای ئەوە دێت، لە ئەنجامی قەیرانی دارایی، کە بەهۆی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت دروستبوو، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2020، وایکرد وەزارەتی دارایی دەست بۆ قەواڵەی دارایی ببات، لە هەنگاوی یەکەم 12 تریلیۆن دینار و لە هەنگاوی دووەمدا 14 تریلیۆن دینار بوو، بەو هۆیەوە یەدەگی بانکی ناوەندی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی.

لەبارەی یەدەگی زێڕ، گوتەبێژی بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا عێراق خاوەنی 130 تۆن زێڕە و لە ریزبەندیی ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین یەدەگی زێڕیان هەیە، 10 پلە هاتووەتە پێشەوە، ئێستا لە ئاستی جیهاندا لە پلەی 30 و لە ئاستی وڵاتانی عەرەبیدا لە پلەی چوارەم دێت.

د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە بودجەی ساڵی 2021دا نرخی بەرمیلێک نەوت بە 45 دۆلار دیاریکرا، ساڵی 2022 عێراق بێ یاسای بودجەیە و لەسەر بنەمای یەک لەسەر دوانزە کارەکان بەڕێوەدەچێت، عێراق نرخی نەوتی بە سەرووی 100 دۆلار فرۆشتووە، بۆیە ئەو زیادەیەی دوای 45 دۆلارەکە دەمێنێتەوە، بۆ زیادکردنی یەدەگی دراو و کڕینی زێڕ بەکاردەهێندرێت.

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، پێش شەڕی داعش یەدەگی دراوی عێراق 81 بۆ 82 ملیار دۆلار بوو، بەڵام لەدوای شەڕی داعش لە سەردەمی حکومەتەکانی حەیدەر عەبادی و عادل عەبدولمەهدی، یەدەگی دراوی عێراق بۆ نزیکەی 38 ملیار دۆلار دابەزی. بۆیە ئەوەی ئێستا هەیە گەڕانەوەی یەدەگی دراوی عێراقە بۆ پێش سەردەمی شەڕی داعش.

لەبارەی یەدەگی زێڕەوە د. جەمال کۆچەر ئەوەی خستەڕوو، ئێستا لە جیهاندا ئاراستەکە بەرەو زێڕە نەک دۆلار لە یەدەگی بانکیدا، چۆن پێشتر زێڕ بووە، دواتر بووە دۆلار، بەڵام ئێستا هەوڵێکی رووسی و چینی هەیە بۆئەوەی کۆتایی بە دۆلار بهێندرێت و لەبری ئەودا پێگەکە بۆ زێڕ بگەڕێتەوە. وڵاتانیش دەترسن دۆلار بەهای خۆی لەدەستبدات.

پەیوەندیدار