زیاتر لە 300 رۆشنبیر و رۆژنامەنووسی تورک دژایەتی ئۆپراسیۆنەکەی ئەنقەرە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەکەن

زیاتر لە 300 رۆشنبیر و رۆژنامەنووسی تورکی دژایەتی خۆیان بۆ ئۆپراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەردەبڕن و داواش دەکەن ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ھەڵوێستی جدیان لەو بارەیەوە ھەبێت.

لە راگەیەندراوێکی ھاوبەشدا 308 رۆشنبیر و ئەکادیمی و رۆژنامەنووس و نوسەر و ھونەرمەندی تورکی دژایەتی خۆیان بۆ ئۆپراسۆنە چاوەڕوانکراوەکەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەردەبڕن و ئیدانەی ھێرشەکانی تورکیاش دەکەن بۆ سەر ھەرێمی کوردستان.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشیان خستووەتەڕوو، بیانوی تورکیا بۆ روبەڕوبوونەوەی ھەڕەشەکان لەڕێی ئەو ئۆپراسیۆنەوە تەنھا پاساوێکە کە ھاوپەیمانی دەسەڵاتدار دروستیکردووە. دەشڵێن ئەو ئۆپراسیۆنە سودی بۆ ھیچ کەسێک نابێت جگە لە دەسەڵاتدارانی تورکیا، بەڵکو زیانیشی بۆ گەل دەبێت.

رۆشنبیرانی تورکیا راشیانگەیاندووە، تەرخانکردنی پارە بۆ چەک و جەنگ لە وڵاتێکدا کە ملیۆنان کەس لە ھەژاریدا دەژین، کێشە ئابورییەکان و قورسی ژیان زیاتر دەکات، ھەروەھا رەخنەشیان لە ھاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن گرتووە کە ھەڵوێستێکی توند نییە و دەڵێن ئەگەر ھەڵوێستی جدی رانەگەیەنن، ئۆپۆزسیۆنیش دەستی دەبێت لەو ئۆپراسیۆنەدا.

پەیوەندیدار