رێبەری رەوتی سەدر داوا لە دادگای عێراق دەکات، پەرلەمان هەڵبوشێنێتەوە و راشیدەگەیەنیت: دوا مۆڵەت بۆ ئەو کارە، کۆتایی هەفتەی داهاتوە.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، پەیامێکی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بڵاو کردەوە و تێیدا دەڵێت: هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، تەنها کورت نەکراوەتەوە لە دانیشتن و کۆبونەوەی پەرلەماندا، لەکاتێگدا گروپی تێدایە کە بەردەوامن لە دابەشکاریی و گەندەڵی و بەدەم داواکانی گەلەوە ناچن.
سەدر، بۆ هەڵوەشاندنەوەی داوا لە دادگای وڵاتەکە و بەتایبەت سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی دەڵێت: دادگا دەتوانێت بەهۆی ئەوەی پەرلەمان پێشێلکاریی دەستوریی کردوە و شکستی هێنا لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و راسپاردنی سەرۆک وەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەت، پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە کە دوا وادەیش بۆ ئەو کارە، کۆتایی هەفتەی داهاتوە.
سەدر دەشڵێت: ئێستا دادگا دەکەوێتە بەر سەنگی مەحەک و وەک ئەو دەڵێت: ئایا بەرەی گەل هەڵدەبژێرێت یان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی فشارەکانەوە و دەشڵێت: ئەگەر دادگا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی دا، سەرۆک کۆمار رابسپێرێت بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن.
رێبەری رەوتی سەدر، داوا لە پەرلەمانتارانی دەستلەکارکێشاوەی رەتەکەی و سەربەخۆ و لایەنەکانی تریش دەکات، لەبارەی هەڵوشاندنەوەی پەرلەمانەوە، سکاڵا ئاراستەی دادگا بکەن.
سەدر جەختیش دەکاتەوە لەوەی، تا جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانە، وەک خۆی دەڵێت: شۆڕشگێڕان لە مانگرتن و خۆپیشاندان بەردەوام دەبن.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی دژی سەدرییەکان خۆپێشاندان دەکات
چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای لە لایەنگرانی کرد رۆژی هەینی داهاتوو لە شوێنی خۆپێشاندانی پێشوویان لە ناوچەی جادرییە لە بەغدا لە پێناو بەرگریکردن لە دامەزراوە یاسایی و دادوەرییەکانی دەوڵەت و خێراکردنی پێکهێنانی حکومەت، خۆپێشاندان بکەن. دەشڵێت: “خۆپێشاندانەکە بەناوی گەل دەوڵەت دەپارێزێت و دژی هەوڵەکانی شێواندنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەبێت.”
رۆژی چوارشەممە، 10ـی ئابی 2022، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە تۆڕەکانی سۆشیاڵمیدیا و شوێنی دیکەشەوە داوای لە لایەنگرانی کرد رۆژی هەینی خۆپێشاندان بکەن. لە راگەیێندراوێکدا بە ناوی لیژنەی رێکخستنی پشتیوانیکردنی لە شەرعیەت و پارێزگاریکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، هاتووە: “لە باوەڕبوونمانەوە بە پێویستی وەستان لەگەڵ هەنگاوە یاسایی و دەستوورییەکانی بەرگریکردن لە دامەزراوە یاسایی و دادوەرییەکانی دەوڵەت و لە پێناو خێراکردنی پێکهێنانی حکومەتی خزمەتگوزاریی نیشتمانی دەسەڵات تەواو کار بۆ رووبەڕووبونەوەی قەیران و رکابەرایەتییەکان بکات، بەتایبەت قەیرانەکانی کارەبا و ئاو و زەحمەتیی بژێوی کە باری هاووڵاتییانی گرانکردووە.. داوا لە هەموو رۆڵەکانی گەلی عێراق دەکەین بەشداری لە خۆپێشاندانەکانی ‘گەل دەوڵەت دەپارێزێت’ بکەن کە لە لای شووراکانی ناوچەی سەوز دەبێت.”
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە: “لە رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی هەر زێدەڕۆییەک بۆ سەر شێوە شارستانییەتەکەی هەموو خۆپێشاندانەکانمان و پابەندبوونی ئاستبەرز بە رێنماییەکانی لیژنەی رێکخەر کە لە پێشەوەیاندا هاوئاهەنگی تەواو دێت لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی راسپێردراو بە پاراستنی خۆپێشاندانەکان.”
ئەو داواکارییەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە کاتێکدایە رۆژی 30ی تەممووز لایەنگرانی موقتەدا سەدر چوونە نێو پەرلەمانی عێراق و رێگە بە کۆبوونەوەی پەرلەمان نادەن.
هەرچەندە لە راگەیێندراوەکەدا کاتی خۆپێشاندانەکە دیاری نەکراوە، بەڵام لە یەکێک لە گرووپەکانی تەلەگرامی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا هاتووە: “چوارچێوەی هاوئاهەنگی جەماوەر و لایەنگرانی بۆ هەفتەی دووەم کۆدەکاتەوە بۆ خۆپێشاندانێکی گەورە لە کاژێر 5ی رۆژی هەینی لە هەمان شوێنی پێشوو لەنێوان گۆڕەپانی عەبدولعەزیز حەکیم و پردی هەڵواسراو لە جادرییە.”
رۆژی 3ی ئابی 2022، موقتەدا سەدر، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد، دوای پێنج رۆژ و لە رۆژی 10ی موحەڕرەم، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە پەیامێکدا قسەکانی سەدری رەتکردەوە.